سەردێڕ:

ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە کۆچی دوایی کرد

PM:09:47:11/03/2026

1100 جار خوێندراوەتەوە

ئەمشەو ساڵح موسلیم، کەسایەتی سیاسی دیاری رۆژئاوای کوردستان و ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراسی (پەیەدە) لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.


ساڵح موسلیم محەمەد، لەدایکبووی ساڵی ١٩٥١ لە کۆبانێ، ھاوسەرۆکی پێشووی (پەیەدە) بوو کە کاریگەریترین حزبە لە رۆژئاوای کوردستان، لەزانکۆی تەکنیکی لە ئەستەنبوڵ خوێندویەتی و خاوەنی پێنج منداڵە.

ساڵح موسلیم، لە گوندی شێرانە سەر بە کۆبانێ لەدایکبووە و هەر لەوێش خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووە و دواتر لە بەر چەند ھۆکار، لە شاری دیمەشق و لە ئامادەیی کواکبی لە حەلەب خوێندنی دواناوەندی ساڵی ١٩٦٩ لە بەشی زانستی بە کۆتاھێناوە.

بۆ خوێندنی زانکۆ دەچێتە ئەستەنبۆل لە زانکۆی تەکنیکی/ کۆلیژی ئەندازیاری کیمیا دەخوێنێ و ساڵی ١٩٧٧ تەواوی دەکات و لەوێوە بەرەو لەندەن بەڕێ دەکەوێت بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی.

پاش گەڕانەوەی دەچێتە وڵاتی سعوودیە و دەبێتە کارمەند لە دەزگای پترۆمین سەر بە وەزارەتی نەوتی سعودیە، ھەر لەوێ لە رێگەی چەند کوردێکەوە دەبێتە ئەندام لە پارتی کرێکارانی کوردستان.

دوای ساڵی ١٩٩٠ دەگەڕێتەوە کۆبانی و کاری ئاسایی خۆی دەکات وەک ئەندازیارێکی کیمیاوی بێ ئەوەی لە کاری حزبی و سیاسی داببڕێت. بوو بە ئەندام لە مەکتەب سیاسی پارتی جڤاکی نیشتمانی دیموکراتی (التجمع الوطنی الدیموقراطی) کە ساڵی ١٩٩٨ دامەزراوە. پاشان بۆ برەودان بە خەباتی ھاوچەرخی کوردایەتی لە رۆژئاوا پارتی پەیەدە (پارتی یەکێتی دیموکراتی) ساڵی ٢٠٠٣ دامەزرا و تێیدابوو بە ئەندامی لیژنەی جێبەجێکردن.

لەوساوە زۆرجار لەلایەن دەزگاکانی موخابەراتی سوریاوە راونراوە و گیراوە. لە ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٠ لە کۆنگرەی چوارەمی پەیەدە کرا بە هاوسەرەکەی سەرۆکی حیزب.

لە شەڕی ئازادکردنی رۆژئاوا، شەرڤانی کوری ساڵح موسلیم ساڵی ٢٠١٣ گیانی لەدەستدا.














گەلەری