سەردێڕ:

نرخی نەوت بەرزترین ئاستی مێژووی تۆمارکرد

AM:08:32:09/03/2026

732 جار خوێندراوەتەوە

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بازاڕی نەوتی جیهان تووشی گۆڕانکارییەکی گەورە بووە و ئەمڕۆش نرخی نەوت بەرزترین ئاستی مێژووی تۆمارکردووە و لە ماوی یەک رۆژدا نرخەکەی ٪٢٤ بەرزبووەتەوە، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ١١٥ دۆلار و سێ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەمە یەکەمجارە لە چەند ساڵی رابردوو نرخی نەوت سەرووی ١٠٠ دۆلار بێت.


ئەمڕۆ دووشەممە ٩ـی ئازاری ٢٠٢٦، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی تەکساسیش بەرزبووەوە و بە ١١٣ دۆلار و سێ سەنت، مامەڵەی پێوە دەکرێت، جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە.

هاوکات، ئەم شەڕە کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابینکردنی نەوت هەبووە و ترسێکی گەورەی لە بازاڕە جیهانییەکان دروست کردووە.

کێشە لە گەرووی هورمز یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێگاکانی گواستنەوەی نەوت لە جیهاندا، کە نزیکەی ٢٠٪ نەوتی جیهان لەو گەرووەوە دەگوازرێتەوە و بەهۆی شەڕ و هێرشەکان، زۆربەی کەشتییە نەوتییەکان وەستاون یان رێگایان گۆڕیوە، ئەمەش دابینکردنی نەوتی کەم کرد.

یەکێکی تر لە هۆکارەکان ئەوەیە هێرش دەکرێت بۆ سەر پاڵاوگە یان کۆگاکانی نەوت، کە بەرهەمهێنانی نەوتی کەم کردووە و بازاڕی جیهانی نیگەران کردووە.
شارەزایانی بازاڕی نەوت پێشبینی دەکەن ئەگەر شەڕەکە درێژە بکێشێت یان گەرووی هورمز دابخرێت، نرخی نەوت دەگاتە نزیک ١٥٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
شەڕی ئێران و ئیسرائیل یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی گۆڕانکاری لە بازاڕی نەوتی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٦دا. کێشەکانی گواستنەوەی نەوت، هێرش بۆ سەر پاڵاوگەکان و کەمبوونی بەرهەمهێنان، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان بوون، ئەگەر شەڕەکە درێژە بکێشێت، ئەوا کاریگەرییەکی درێژخایەن لەسەر ئابووری جیهان و نرخەکانی وزە درووستدەکات.













گەلەری