سەردێڕ:

موجتەبا خامنەیی؛ لە پشت پەردەوە بۆ پێشەوەی رووداوەکان

AM:12:31:09/03/2026

4092 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی تەسنیم بڵاوی کردەوە، موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵبژێردرا. موجتەبا خامنەیی دەبێتە سێیەم ڕێبەری باڵای ئێران.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ـی ئازاری ٢٠٢٦، ئەنجوومەنی کاتی شارەزایان بە گوێرەی مادەی ١٠٨ـی دەستوور، ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا حوسێنی خامنەیی بە سێیەم رێبەری باڵای ئینقلابی ئیسلامی ئێران هەڵبژارد و داواشی لە تەواوی گەلی ئێران کردووە بەیعەت بە رێبەری نوێ بدەن.
موجتەبا خامنەیی کە ئێستا تەمەنی ٥٧ ساڵە، دووەمین کوڕی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، لە قوتابخانەی "عەلەوی"ی تاران خوێندنی ئامادەییی تەواو کردووە و لە ساڵی ١٩٩٩ـەوە بۆ خوێندنی ئایینی چووەتە شاری قوم و لای مەحموود هاشمیی شاهروودی، میسباح یەزدی و جەعفەر سوبحانی خوێندوویەتی.
موجتەبا خامنەیی زۆر کەم لە ڕێوڕەسمە گشتییەکاندا دەر دەکەوێت و قسە بۆ میدیاکان ناکات. هیچ پۆستێکی فەرمییشی لە حکومەتدا نییە، بەڵام بە کردەوە یەکێکە لە کەسە هەرە دەسەڵاتدارەکانی ناو "بەیتی رێبەری" (نووسینگەی عەلی خامنەیی). زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە ئەو بەڕێوەبەری سێبەر و دەستی راستی باوکی بووە لە کاروباری سیاسی، ئەمنی و سەربازیدا.
ئەو پەیوەندییەکی زۆر نزیک و پتەوی لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران و ڕێکخراوی هەواڵگریی سوپا هەیە، دەوترێت موجتەبا کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر هێزەکانی "بەسیج"دا هەیە و لە زۆرێک لە بڕیارە ئەمنییە هەستیارەکاندا خاوەن قسەیە.
لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩ـدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا موجتەبا خامنەیی خستە لیستی سزاکانەوە، ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەو "بە نوێنەرایەتیی باوکی" کار دەکات و دەستی هەبووە لە سەرکوتکارییەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پێشخستنی ئەجێندا تێکدەرانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.
موجتەبا خامنەیی بۆ لایەنگرانی رژێمی ئێران وەک "پارێزەری بەهاکانی شۆڕش" و بۆ نەیارانیش وەک هێمای "دەسەڵاتی پشت پەردە" و "هەوڵ بۆ پشتاوپشتکردنی دەسەڵات" دەبینرێت. ناوی ئەو هەمیشە لەگەڵ ململانێی باڵەکانی ناو دەسەڵات و داهاتووی سیاسی ئێران گرێ دراوە.
دوای کوژرانی عەلی خامنەیی لە یەکەمین ڕۆژی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری، موجتەبای بە سێیەمین ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵبژارد. بەوەش سەرباری ئەوەی سیستەمی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای "ویلایەتی فەقیهی"یە نەک دەسەڵاتی میراتی و پشتاوپشت، بەڵام بەهێزبوونی پێگەی ئایینی و سیاسیی موجتەبا خامنەیی، بەتایبەت بڕشتی لەناو سوپای پاسداراندا دەرفەتی ڕێبەبوونی بۆ ئەو ڕەخساند.












گەلەری