PM:06:36:17/01/2026
848 جار خوێندراوەتەوە
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، "سوپای عەرەبیی سوریا، لەجیاتی پابەندبوون بە بنەماکانی رێککەوتنەکە و پاراستنی سەقامگیری، هەستاون بە ئەنجامدانی پێشێلکاریی ئاشکرا و هێرشکردنە سەر هێزەکانمان".
ئەمڕۆ شەممە، ١٧ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، دوێنێ لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و رێگریکردن لە خوێنڕشتن، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رەزامەندییان نیشان دا لەسەر کشانەوەی تەواوەتەیان بۆ رۆژهەڵاتی فورات.
ئاماژەی بەوەشکرد، "سوپای عەرەبیی سوریا، لەبری پابەندبوون بە بنەماکانی رێککەوتنەکە و پاراستنی سەقامگیری، هەستاون بە ئەنجامدانی پێشێلکاریی ئاشکرا و هێرشکردنە سەر هێزەکانمان".
باسی لەوەشکردووە، لە ئێستادا پێکدادانی سەخت و شەڕێکی قورس لە ناوەندی شارۆچکەی مەسکەنە لە نێوان هەسەدە و سوپای عەرەبیی سوریا بەردەوامە و دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، سوپای عەرەبیی سوریا بە تەواوی بەرپرسیارە لەم پێشێلکارییە و لێکەوتە مەترسیدارەکانی، هەروەها لە هاندان بۆ توندوتیژی دژی هێزەکانی هەسەدە و تێکدانی ئەو هەوڵانەی کە بۆ چارەی ئاشتییانە خرابوونەگەڕ بەرپرسیارە.