سەردێڕ:

هەسەدە: ژمارەیەک شەڕڤانمان گەمارۆدراون لەلایەن چەکدارانی حکومەتی دیمەشقەوە

PM:05:17:17/01/2026

1164 جار خوێندراوەتەوە

هیزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، حکومەتی دیمەشق رێککەوتنی کشانەوەمانی پێشیلکردووە و ژمارەیەک شەڕڤانمان گەمارۆدراون، سەلامەتی گیانی شەڕڤانان لە ئەستۆی حکومەتی دیمەشق و هێزە نێودەوڵەتییەکان.


ئەمڕۆ شەممە ١٧ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، حکومەتی دیمەشق رێککەوتنی کشانەوەمانی پێشیلکردووە.

ئەمەش دوای راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دێت لەبارەی مەرسوومی ئەحمەد شەرع بۆ مافەکانی کورد و رایانگەیاندوووە، مافی کورد تەنیا بە دەستووری هەمیشەیی مسۆگەر دەبێت نەک بە مەرسوومی کاتی.

هەر دوای ئەوە، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە)، راگەیاندراوێکی لە بارەی گەمارۆدانی ژمارەیەک شەڕڤانانیان، بە هۆی پێشێلکردنی رێککەوتنی جێگۆڕکێی هێزەکانیان لە رۆژهەڵاتی حەلەبەوە بۆ رۆژهەڵاتی رووباری فورات لە لایەن چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا بڵاوکردەوە.

راگەیەندراوەکە دەڵێت، لە ئەنجامی خیانەتەکانی حکومەتی دیمەشق و پێشێلکردنی ئەو رێککەوتننامەیەی لەلایەن هاوپەیمانانی نێودەوڵەتییەوە کراوە، گروپێک لە شەڕڤانانمان لە دێرحافر و مەسکەنە گەمارۆ دراو.

سەرەڕای ئەوەی لە رێککەوتنەکەدا وادەی ٤٨ کاتژمێری دیاریکراوە بۆ کشانەوەی هێزەکانمان، بەڵام حکومەتی دیمەشق رێککەوتنەکەی پێشێل کرد و بە بەکارهێنانی تانک هێرشی کردە سەر شەڕڤانانمان.

دەشڵێت، ئێمە حکومەتی دیمەشق و هێزە نێودەوڵەتییەکانی پاڵپشتی رێککەوتنەکە بە تەواوی بەرپرسیار دەزانین لە سەلامەتی و ژیانی شەڕڤانە گەمارۆدراوەکانمان.

هەسەدە باسی لەوەشکردووە، پێویستی دڵنیابوون لە گەڕانەوەی سەلامەتیان لەگەڵ چەکەکانیان بۆ هەرێمەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەکەینەوە.













گەلەری