سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی وەڵامی سەرۆکی دەستەی دەروازەکانی عێراق دەداتەوە

PM:05:46:15/01/2026

1028 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی وەڵامی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراقی دایەوە و دەڵێت، کەمی داهاتی دەروازەکانی عێراق پەیوەندی بە گەندەڵی ئیداری، دەستتێکەڵکردن لەگەڵ قاچاخچییەکان و بوونی گەندەڵی رێکخراو هەیە لە ناوخۆی دەروازەکانی حکومەتی فیدراڵ.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ـی کانونی دووەمـی ٢٠٢٦، وەزارەتی دارایی حکومەتی ماوەبەسەرچوو لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە میانی بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق کە عومەر وائیلى، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، تیایدا میوانداری کرابوو، دوور لە هەموو عورفێکی یاسایی و ئیداری بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری حکومەتى هەرێم، هۆکاری کەمی داهاتی دەروازەکانی عێراقیان خستووەتە ئەستۆی هەرێم.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی زیادکردنی لەڕادەبەدەری گومرگ لە عێراق (زیاتر لە ٣٠ هێندە)، بەشێکی زۆری جووڵەی بازرگانی پاشەکشەی کردووە.
تۆمەتی هێنانی کاڵای نایاسایی لە هەرێمەوە بۆ ناوەڕاستی عێراق رەت دەکرێتەوە؛ بەپێچەوانەوە، دەڵێن چەندین کاڵا لە هەرێم قەدەغەن بەڵام لە دەروازەکانی عێراقەوە بە قاچاخ دەهێنرێنە ناو هەرێم
.

دەشڵێت، هەرێم ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ یەکخستنی پێناسی گومرگی و جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی (ئەسیکۆدا)، بەڵام حکومەتی فیدراڵی بە "ناجدی" و کەمتەرخەم دەزانن لەم پرسەدا و داواش کراوە ئەو دەروازانەی هەرێم کە لای تورکیا و ئێران فەرمین، لەلایەن بەغداشەوە بناسرێن.

جەختکراوەتەوە کە دەروازەکانی هەرێم کراوەن بۆ تیمەکانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەموو مانگێک داتاکان دەنێردرێن بۆ بەغدا.

بوونی بازگەکانی وەک (ئەلسەد، چیمەن، دارەمان) بە نایاسایی و سەرچاوەی وەرگرتنی بەرتیل و گەندەڵی ناوزەند کراوە، کە بوونەتە هۆی دووجار گومرگکردنی کاڵاکان و ئاستەنگ بۆ بازرگانان.

وەزارەت ئامادەیی خۆی بۆ سەلماندنی ڕاستییەکان دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە مافی خۆیانە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک بگرنەبەر کە تۆمەتی بێبنەما بۆ هەرێم دروست دەکات.













گەلەری