PM:10:47:14/12/2025
1108 جار خوێندراوەتەوە
راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، ناجێگیریی بەهای دۆلار کاتییە و پشت بە داتای ئابووریی راستەقینە نابەستێت. دەشڵێت، حکومەت بەردەوامە لە جێگیرکردنی بەهای فەرمیی دراو لە هەزار و ٣٢٠ دینار بە پشتیوانیی یەدەگی بەهێز.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەوەی لە بازاڕی دراودا روویداوە، تەنیا ناجێگیرییەکی کاتی و نائاساییە کە بەهۆی زانیاریی نادروست و دەنگۆوە دروست بووە، ئەمەش دەبێتە هۆی قازانجکردنی کورتخایەن.
وتیشی، قۆناغەکانی گواستنەوە و دوای
هەڵبژاردنەکان، لەگەڵ جێبەجێکردنی سیستمی حوکمڕانیی گومرگ و رێکارە دیجیتاڵییەکان،
دەبێتە هۆی جووڵانەوەی نرخەکان، ئەم گۆڕانکارییانە شەفافیەت و رێکخستن لە ژینگەی
بازرگانی و داراییدا بەهێز دەکەن.
دەشڵێت، ناجێگیریی نرخی دۆلار لە بازاڕدا کاریگەرییەکی
بنەڕەتی لەسەر ئاستی گشتیی نرخەکان نەبووە و سیاسەتی دراویش بەردەوامە لە
جێگیرکردنی نرخەکان و پاراستنی نرخی فەرمیی دراو، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی گەشەی
ساڵانەی هەڵاوسان بۆ ئاستی نزمتر لە ٢.٥٪.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سیاسەتی جێگیربوونی نرخی دراو پشت
بە یەدەگی بەهێزی دراوی بیانی دەبەستێت کە پشتیوانی لە جێگیربوونی نرخی فەرمیی
دراو دەکات، کە هەزار و ٣٢٠ دینارە بۆ هەر دۆلارێک.