PM:06:58:14/12/2025
6696 جار خوێندراوەتەوە
حەج و عومرەی هەرێم هۆشداری دەداتە هاوڵاتییان کە نەچنە ژێر باری کاریگەریی ئەو ریکلامە سەرنجڕاکێشانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە، چونکە دیاردەیەک بەناوی حەجی بازرگانی سەریهەڵداوە کە ئامانج لێی تەنیا دەستبڕین و بردنی پارەی هاوڵاتییانە و هیچ بنەمایەکی فەرمیی نییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، کاروان ستونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی کوردستان رایگەیاند، ماوەیەکە هەڵمەتێکی ریکلامی لە سۆشیاڵ میدیا و لەلایەن چەند کەسێکەوە لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم دەستیپێکردووە، بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە لە رێگەی سعودیەوە ڤیزایان وەرگرتووە و دەتوانن خەڵک ببەن بۆ سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، تاکە رێگەی فەرمی بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج، تەنیا ئەو سیستمە
ئەلیکترۆنییەیە کە لە ڕێگەی تیروپشکەوە بۆ هەمووان ناوەکان دیاری کراون، بۆیە هەر
ناوێک لە دەرەوەی ئەو سیستمە بە ناوی حەجی بازرگانی یان پشکی تایبەتـەوە
بڵاوبکرێتەوە، دوورە لە راستییەوە و تا ئێستا شتی وا بوونی نییە.
سەبارەت بە
شێوازی کارکردنی ئەو تۆڕانە، ئاشکرای کردووە، بەشێکیان ژمارە تەلەفۆنی سعودیە
بەکاردەهێنن تاوەکو متمانەی هاوڵاتییان بەدەستبهێنن و بڕوایان پێ بهێنن، بەو پێیەی
کۆنترۆڵکردنی ریکلامی سپۆنسەرکراو لە سۆشیاڵ میدیا ئاسان نییە، داوا لە هاوڵاتییان
کراوە زۆر ئاگاداربن و پارەکانیان بەهەدەر نەدەن.