PM:11:28:07/12/2025
640 جار خوێندراوەتەوە
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، لە دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە تا ئێستا شەش کاندیدی دەرچوویان دوورخستووەتەوە، بەوهۆیەوە گۆڕانکاری راستەقینە لە ئەنجامەکان و دابەشبوونی کورسییەکاندا روویداوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، حەسەن سەلمان، راوێژکاری یاسایی لە کۆمسیۆن بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وت، ژمارەی ئەو کاندیدانەی لە دوای هەڵبژاردنەوە تا ئەم ساتە دوورخراونەتەوە گەیشتووەتە شەش کاندید، کە دوایین حاڵەتی دوورخستنەوە لە ئەنجامی تانەدان بووە لە شایستەی یەکێک لە کاندیدەکان، کە بووە هۆی سەرکەوتنی تانەکە و دوورخستنەوەی کاندیدەکە.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، "گۆڕانکاریی راستەقینە بەسەر ئەنجامەکاندا هاتووە، بەو پێیەی
هەندێک لیست ئەو کورسییانەیان لەدەستداوە کە بۆیان هەژمار کرابوو دوای
دوورخستنەوەی کاندیدە براوەکانیان".
وتیشی، گۆڕانکاری
لە کۆتای ژنان لە پارێزگای نەینەوا روویداوە، بەجۆرێک کورسیی کۆتاکە لە لیستێکەوە
بۆ لیستێکی دیکە گوازرایەوە و لەو لیستەی پێشتر کۆتاکەی هەبوو، پیاوێک شوێنی
کورسییەکەی گرتەوە.
دەشڵێت،
بڕیارەکانی دوورخستنەوە لەسەر بنەمای تانەدان لە شایستەیی بوون، پێویست بە
کردنەوەی وێستگەکان یان ژماردن و جیاکردنەوەی دەستی ناکات، چونکە هەر ئاماژە یاخود
تانەیەک پێش پەسەندکردنی کۆتایی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە بگاتە کۆمسیۆن،
لەلایەن ئەنجومەنی کۆمسیارانەوە دیراسە دەکرێت و بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدرێت.