سەردێڕ:

هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی راگەیەندراوەکەی ئاسایشی هەرێم

PM:10:07:04/12/2025

1888 جار خوێندراوەتەوە

مەڵبەندی هەولێری یەکێتی، تۆمەتەکانی دژی کادیرێکیان رەتدەکاتەوە و داوا دەکات لیژنەیەکی بێلایەن پێکبهێنرێت تا راستی ئەو تۆمەتانە لە کەشێکی ئارامدا بۆ هەموولایەك ساغ بکرێتەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٤ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، مەڵبەندی هەولێری یەکێتی وتی، هەموو ئەو تۆمەتە ناڕاستانەی ئاسایشی هەرێم لەسەر ئەوان بڵاویانکردووەتەوە چەواشەکارانەیە و رەتیدەکەنەوە و سەرجەمیان سیناریۆن بۆ بەلاڕێدابردنی رای گشتی.

دەشڵێت، داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەن لیژنەیەکی بێلایەن بۆ ئەو تۆمەتانە پێکبێت، لە کەشێکی تەواو ئارام، بێ هیچ فشارێک بۆ کەیسی دروستکراوی نێچیروان هەرکی، تەواوی ئەو راستیانە بۆ هەموولایەک ساغبکرێتەوە، ئەگەر نا بەلای ئەوانەوە ئەم کەیسە کەیسێکی حزبییە، لە چوارچێوەی سیاسەتی حزبی دەستڕۆیشتووی هەولێر دەیبینین، نەک راگەیەندراوی حکومەتی هەرێم و دادگا.

هاوکات سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت، نابێت یەکێتی بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی نێچیروانی هەرکی قبوڵبکات و بە سیناریۆیەکی دووبار و قێزەون وەسفی دەکات.

لای خۆشیەوە، جەوهەر هەرکی کە لە دانپێدانانەکەدا ناوی وەک تۆمەتبار هێنراوە، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، سەرجەم ئەو تۆمەتانەی دەزگای ئاسایشی هەرێم رەتدەکاتەوە و ئامادەن لەبەردەم دادگایەکی نێودەوڵەتی و بێ لایەندا ببێتاوانی خۆی بسەلمێنێت.













گەلەری