ساڵی نوێ پرۆگرامێکی خزمەتگوزاری تاکسی لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق دەستپێدەکات، بە ئامانجی درووستکردنی تۆڕێکی گواستنەوەی هاوچەرخ و ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیان و سەرجەم تاکسییەکان پێکەوە دەبەسترێن و کرێکەشی دیاریکراوە.
ئەمڕۆ ٢ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، مەیسەم سافی، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق وتی، ماوەی ساڵێکە بەردەوامن لە نوێکردنەوەی سیستمەکانی گواستنەوە و ئێستا دەیانەوێت سەرجەم تاکسیەکانی عێراق بەیەکەوە ببەستنەوە لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکەوە.
وتیشی، ئامانج لە پڕۆژەکە رێکخستنی
کارەکانی تاکسییە لەسەر ئاستی وڵات و فراوانکردنی بەرنامەکەیە بۆ سەرجەم
پارێزگاکان، بە ئامانجی دروستکردنی تۆڕێکی گواستنەوەی مۆدێرن کە سوود لە
تەکنەلۆژیای زیرەک وەربگرێت و لەگەڵ هاوڵاتییاندا بگونجێت.
ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆژەکە بریتییە لە تۆمارکردنی سەرجەم
تاکسییەکان لە داتابەیسێکی ئەلیکترۆنی ناوەندییدا، کە ناسنامەی شۆفێرەکان
دیاریکراو دەبێت، هەروەها پێویستە ئۆتۆمبێلەکان پێش ئەوەی رێگەیان پێبدرێت لەناو
سیستمەکەدا کاربکەن، پشکنینی تەکنیکی بکەن.
هاوکات دەڵێت، کرێی تاکسی دیاریکراودەبێت و هاوڵاتیان دەتوانن
لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکەوە پێشتر حجزی گەشتەکانیان بکەن، وەدەتوانرێت لە هەموو
بارەکاندا شوێنپێی ئۆتۆمبێلەکان هەڵگیرێت کە ئەمەش دڵنیایی زیاتر دەدات بە سەرنشین
لە کاتی مامەڵەکردنی لەگەڵ شۆفێرەکەدا.
لەبارەی پڕۆژەکەوە مەیسەم سافی وتی،
هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆ و حکومەتە خۆجێییەکان بەردەوامە بۆ
ئەوەی قۆناغ بە قۆناغ سیستمەکە لە سەرانسەری پارێزگاکاندا جێبەجێ بکرێت.