سەردێڕ:

ئەمەریکا و ئۆکرانیا: گەیشتووینەتە بەرەوپێشچوونێکی باش لەبارەی راگرتنی جەنگ

PM:11:54:23/11/2025

1220 جار خوێندراوەتەوە

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا لە جنێڤ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئۆکرانیا، ئەنجامی گەڕی یەکەمی دانوستانەکانیان بۆ راگرتنی جەنگ بە زۆر ئەرێنی و بەرهەمدار وەسف کرد.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بەرهەمدارترین و گرنگترین کۆبوونەوە بووە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیەوە.
وتیشی، خاڵ بە خاڵ بەسەر رەشنووسەکەدا رۆشتوون و ئێستا تیمەکانیان خەریکی ئەنجامدانی چەند گۆڕانکاری و دەستکارییەکن بۆ ئەوەی بۆچوونەکان زیاتر لێک نزیک بکەنەوە.
هاوکات جەختی کردەوە، هەرچەندە لایەنی رووسیش بەشێکە لە هاوکێشەکە، بەڵام پێی وایە بەرەوپێشچوونی باشیان بەدەستهێناوە، ئەگەرچی بڕیاری کۆتایی لەلایەن سەرۆکی هەر دوو وڵاتەوە دەدرێت.
لەلای خۆیەوە، ئەندری یێرماک، سەرۆکی شاندی ئۆکرانیا دووپاتی کردەوە هەنگاوی باشیان بەرەو ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام ناوە، کە گەلی ئۆکرانیا شایستەیەتی.
یێرماک سوپاسی دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەی ئەمەریکای کرد بۆ پابەندبوونیان بە بەدیهێنانی ئاشتی و وتی، لە رۆژانی داهاتووشدا بەردەوام دەبن لە کارکردن بۆ یەکخستنی پێشنیازەکان و هاوبەشە ئەورووپییەکانیشیان بەشداری پێ دەکەن.
بڕیارە ئەو دوو وڵاتە بە بەشداریی لایەنی ئەورووپی و هاوبەشەکانی دیکە گەڕێکی دیکە کۆبوونەوەی نێوانیان بەڕێوە بچێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئیدارەی ئەمەریکا رەشنووسێکی پلانێکی ئاشتی لە ئۆکرانیا داڕشتووە، کە بەشێک لە میدیاکان باس لەوە دەکەن پلانەکە بەشێکی زۆری داواکارییەکانی رووسیا جێبەجێ دەکات، لەوانە دەستبەرداربوون لە بەشێک لەو خاکانە رووسیا دا گیر کردوون و ئەندامبوون لە ناتۆ.












گەلەری