سەردێڕ:

پاكستان: هیندستان لەماوەی ٢٤ كاتژمێری داهاتوودا هێرش دەكاتە سەرمان

AM:09:21:30/04/2025

1264 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری راگەیاندنی پاکستان رایگەیاند، پاکستان زانیاری هەواڵگری متمانەپێکراوی هەیە کە هیندستان بەنیازە لە ماوەی (٢٤ بۆ ٣٦) کاتژمێری داهاتوودا هێرشی سەربازی ئەنجام بدات.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠ـی نیسانی ٢٠٢٥، عەتاڵا تارار، وەزیری راگەیاندنی پاکستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، پاکستان زانیاری هەواڵگری باوەڕپێکراوی هەیە، کە هیندستان بەنیازە لە ماوەی (٢٤ بۆ ٣٦) کاتژمێری داهاتوودا هێرشی سەربازی ئەنجام بدات و روداوی پاهالگام وەک بیانویەک بەکاربهێنێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر کارێکی شەڕانگێزانە وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی دەبێت و هیندستان بەرپرسیارێتی تەواو لە ئەستۆ دەگرێت لە هەر دەرئەنجامێکی ترسناک لە ناوچەکە.

ئەوەش دوای ئەوە هات، رۆژی سێشەممەی رابردوو، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، داوای لە هاوتا هیندستانی و پاکستانییەكەی كردووە دۆخەکە ئاڵۆزنەكەن، دوای هێرشە خوێناویەكەی بەشی هیندی لە هەرێمی کشمیری کێشە لەسەر.

هاوكات نارێندرا مودی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان، سوپای وڵاتەكەی سەرپشككرد لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی، لە کاردانەوە ئەو هێرشەی کە هەفتەیەک لەمەوبەر لە کشمیر ئەنجامدرا، کە نیودەلهی بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی خستە ئەستۆی پاکستانی دراوسێی.













گەلەری