سەردێڕ:

فواد حسێن: عێراق هەوڵدەدات خۆی لە قەیرانەکانی ناوچەكە بەدوور بگرێت

PM:05:34:29/04/2025

764 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران وایکردووە بەغدا بەدوای جێگرەوەدا بگەڕێت بۆ هاوردەکردنی غازی ئێران.


ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ـی نیسانی ٢٠٢٥، فواد حسێن، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ كەناڵی شەرق، رایگەیاند، گەمارۆکانی ئەمریکا کە بەسەر ئێراندا سەپێنراون، وایکردووە بەغدا بەدوای سەرچاوەی جێگرەوەدا بگەڕێت بۆ هاوردەکردنی غازی ئێرانی، کە نزیکەی ٣٣٪ـی کارەبای عێراق دابین دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، دانوستانەکان لەگەڵ چەند وڵاتێکدا لە ئارادایە، لەوانە تورکیا، ئوردن و دەوڵەتانی کەنداو، بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی کارەبا.

وتیشی، لە گفتوگۆكانیدا له واشنتن لەسەر بارودۆخی سوریا قسەیانكردووە و ئیدارەی ئەمریکا هەشت مەرجی بۆ دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق داناوه، لەنێو ئەو مەرجانەدا پرسێکی هەستیار بۆ هەردوولا هەبووە، ئەویش بوونی چەکدارانی بیانییە، ئەو ئەم پرسەی بەجێی نیگەرانی هەمووان ناوبردووە، بە وڵاتانی دەوروبەری سوریا و وڵاتانی رۆژئاواشەوە.

وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەشکرد، بەغدا لەژێر رۆشنایی ئاستەنگەکانی ئێستای عێراقدا پەرۆشە پاراستنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا.

جەختیشكردەوە، عێراق هەوڵدەدات خۆی لە قەیرانەکانی ناوچەكە بەدوور بگرێت و وڵاتەکەی بەشێک نییە لە کێشەکانی ناوچەکە بەڵکو هەوڵی ئەوە دەدات بەشێک بێت لە چارەسەر.

ئەوەشی خستەڕوو، سەرکەوتوو بوون لە دوورخستنەوەی عێراق لە ئاگری شەڕی ناوچەكەو کاردەکەن بۆ بەردەوامبوون لەسەر ئەم سیاسەتە هاوسەنگە.













گەلەری