سەردێڕ:

وه‌زاره‌تی ناوخۆی هەرێم تاکسی نوێ تۆماردەکات

PM:09:38:28/04/2025

20676 جار خوێندراوەتەوە

رێنمایی ژمارە (٣ـی ساڵی ٢٠٢٥)ـی تۆمارکردنی تاکسی نوێ، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت، تەنها ئۆتۆمبیلەکانی سێ ساڵی مۆدێلی کۆتایی پەسندکراون بگۆڕدرێن بۆ تاکسی.


ئەمرۆ دووشەممە ٢٨ـی نیسانی ٢٠٢٥، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، لە هەنگاوێکی نوێدا بەئامانجی نوێکردنەوەی تاکسی لە سەرتاسەری هەرێم و بەرزکردنەوەی ئاستی پاراستنی ژینگە و باشترکردنی خزمەتگوزاری سەرنشینەکان و جێبەجێکردنی ستانداردی تەکنیکی نوێ، دەرگای تۆمارکردنی تاکسی نوێ، دوای چەندین ساڵ وەستان، دەکاتەوە و رێنمایی ژمارە (٣ـی ساڵی ٢٠٢٥)ـی تۆمارکردنی تاکسی نوێ، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەوەش خراوەتەروو، بەپێی رێنماییە نوێیەکە، تەنها ئەو ئۆتۆمبیلانەی کە ستانداردە تایبەتەکانی ژینگەیی و تەکنیکییان تێدایە و بەشێوەی یاسایی و فەرمی هاوردەی هەرێمی کوردستان كراون، مافی تۆمارکردنییان وەکو تاکسی دەبێت.
باس لەوەشکراوە، ئەو ئۆتۆمبیلانەی كە کەمخەرجی و دۆستی ژینگەن کە تەنها بە بەنزین کاردەکەن، یان ئەو ئۆتۆمبیلانەی لە بنەڕەتدا تەنها بە غازی شلی (LPG) کاردەکەن، هەروەها ئۆتۆمبیلی هایبرید و ئۆتۆمبیلی تەواو کارەبایی (EV)ـین وەکو تاکسی بێ رسومات ئاسانکاری تەواویان بۆ تۆمارکردنیان کراوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بە گوێرەی ئەو رێنماییە هیچ ژمارەیەکی تاکسی لەسەر ئاستی کوردستان زیاد نابێت، بەڵکو ئەو تاکسیانەی هەن خاوەنەکانیان دەتوانێت سوود لە تابلۆکانیان وەربگرن بۆ تاکسی مۆدێل نوێ (کە ژمارە کاتی بن یان ئۆتۆمبیلی دوایین سێ مۆدێل تۆمارکراو بن) و تاکسییە کۆنەکانیش بکرێنەوە ئۆتۆمبیلی تایبەت و تابلۆی تایبەتیان بێ خەرجی دارایی پێ دەدرێت.
هەروەها، بە گوێرەی رێنماییە نوێیەکە، رەنگی تاکسی نوێ هەمان ڕەنگی تاکسی کوردستان بە کۆدی (4Q0)دەبێت و خاوەن تاکسی دەتوانێت لە کوردستان بەم کۆدە تاکسییەکی بۆیە بکات یان لە کۆمپانیایەوە بەم رەنگ و کۆدە بەردەست بێت بۆ کڕین. تاکسییە کۆنەکانیش بە گوێرەی خواستی خاوەنەکەی بۆیە دەکرێنەوە بە هەر رەنگێکی پەسندکراو جگە لە رەنگی تاکسی.
وتیشی، پێویستە ئۆتۆمبیلەکان تازە هاوردە کراوبن و پێوەرەکانی سەلامەتی، تەکنیکی، و ژینگەیی تێدابێت کە لە رێنمایی هاوردەکردنی ئۆتۆمبیل ژمارە ٧ی ساڵی ٢٠٢١ی هەموارکراودا دیاریکراون، تەنها ئۆتۆمبیلەکانی سێ ساڵی مۆدێلی کۆتایی پەسندکراون بۆ گۆڕین بۆ تاکسی، بۆ ئۆتۆمبیلی هایبرد و تەواوکارەبایی (٧٤) جۆر و بۆ ئۆتۆمبیلی بەنزین (٨٩) جۆر وەکو پاشکۆ دیارکراون کە رێگاپێدراون بگۆڕدرێن بۆ تاکسی.

لەم لینكەوە جۆرەكانی ئۆتۆمبێلی رێگەپێدراو بۆ تاكسی بخوێنەرەوە












گەلەری