قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، بڕیاردراوە لە ١ـی ئایار هاوردەکردنی پیاز و لە ١٥ـی ئایار هاوردەکردنی شوتی قەدەغە بکرێت لەپێناو گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆ.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ـی نیسانی ٢٠٢٥، قائیمقامیەتی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەپێناو گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆ بڕیاردراوە لە ١ـی ئایار هاوردەکردنی پیاز و لە ١٥ـی ئایار هاوردەکردنی شوتی قەدەغە بکرێت.
هەروەها، بڕیاردرا هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو
کراوەبێت و رێگە نادرێت ببرێتە دەرەوەی هەرێم، تاوەکو ناوەڕاستی مانگی شەش قەدەغەی
راوەماسی بەردەوامبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، تایبەت بە پرۆژە کشتوکاڵی و
پەلەوەرییەکان بڕیاردرا لیژنە هاوبەشەکان رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆئەوەی
ئەندازیاری کشتوکاڵی راستەوخۆ لەسەر پرۆژە بێت و سەرپەرشتیی پرۆژە کشتوکاڵی و
پەلەوەرییەکان بکات.
وتیشی، لەبارەی هێلکەی خواردنەوە قائیمقامی
سلێمانی بڕیاریدا بەهۆی زۆریی بەرهەمی ناوخۆوە قەدەغەی هاوردەکردنی بەردەوامبێت،
هەرکاتێک نرخی هێلکە لە بازاڕدا بەرزبێتەوە بەناچاری دەرگای هاوردەکردنی بکرێتەوە.
باسی لەوەشکرد، کاری پێویست کراوە بۆ رێگری لە
تای خوێنبەربوون بەتایبەت دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی سلێمانی کرا کە ٢٦
تیمی پێکهێناوە و سەردانی گوندەکان دەکات بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەکی و شتنەوەی
ئاژەڵ، لیژنەکانی قائیمقامیەتیش راسپێردران چاودێریی زیاتری گۆشتفرۆشەکان بکەن.