PM:01:54:29/04/2025
1904 جار خوێندراوەتەوە
وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق دەڵێت، بڕیاریان داوە بە قەدەغەکردنی هێنانی کرێکار لە پێنج وڵاتەوە بۆ عێراق، باس لەوەشکراوە کرێکاراکانی بیانی ساڵانە دوو ملیار دۆلار دەنێرنەوە وڵاتەکانیان.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ـی نیسانـی ٢٠٢٥، حەسەن خەوام، وتەبێژی وەزارەتەکە بە میدیاکانی عێراقی وتووە، بریاری قەدەغەکردنەکە، کرێکارانی 'سوریا، ئیندۆنیزیا، پاکستان، بەنگلادیش و فلیپین' دەگرێتەوە، ئەوەش لە پێناو دەستخستنی کاری زیاتر بۆ هاوڵاتیانی عێراقی.
باسی لەوەشکرد، قەدەغەکردنەکە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەمینداریەتی گشتیی
ئەنجوومەنی وەزیرانە، کە مەرجی داناوە هەر وەبەرهێنەرێک یان خاوەن کارێک، ئارەزووی
دامەزراندنی پرۆژەی هەیە، دەبێت ٨٠٪ کارمەندانی ناوخۆ کار پێ بکات، لە بەرامبەردا
٢٠٪ کرێکارانی بیانی بن.
هاوکات ژمارەی کرێکارانی بیانی لە عێراق لە نێوان ١٥٠ تا ٢٠٠ هەزار کرێکارە
و کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ئابووریی عێراق داناوە، بەشێوەیەک ساڵانە دوو ملیار دۆلار
دەنێرنەوە وڵاتەکانیان.