AM:09:57:27/04/2025
1184 جار خوێندراوەتەوە
ئەپیکور دەڵێت، لە کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەی ٢٠ـی مانگدا لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەرێم نەگەیشتنە رێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم هەروەها دەشڵێت، چەند پێشنیارێکیان کردووە بەڵام پەسەند نەکراوە و بۆ ئەوە نیگەران و بەداخن.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٧ـی نیسانـی ٢٠٢٥، ئەپیکور بەیانامەیەکی بڵاوکردەوە و باسی لەوەکردووە، کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور ئامادەن دەستبەجێ دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێم بکەنەوە، بەمەرجێک رێککەوتنێک بکرێت کە دڵنیایی لە پێدانی پارەی کۆمپانیاکان بدات، هەروەها تەواوی ئەو بڕە قەرزەشی ماوە بە کۆمپانیاکان بدرێنەوە.
هاوکات دەشڵێن، پێویستە
حکومەت دڵنییایی لە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق دووپات بکاتەوە و هەر رێککەوتنێک
بۆ پێدانی پارەی کۆمپانیاکان دەبێت شێوازی کاری راوێژکاریی نێودەوڵەتی بەگوێرەی یاسای
بودجەی عێراق و گرێبەستە بەرکارەکانی کۆمپانیاکانی نەوت لەخۆ بگرێت.
ئەپیکور ئاماژەی
بەوەشکردووە، هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ رەچاوکردنی
بژاردەکان نیشانداوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هیچ گفتوگۆیەکی بنەڕەتی لەبارەی ئەو دڵنیاییانە
لە پێدانی پارە نەکراوە و هیچ بەرەوپێشچوونێکیش لەو بارەیەوە نەبووە.
وتەبێژی کۆمەڵەی
ئەپیکور لەوبارەوە رایگەیاندووە، چەندینجار پێشنیازیان بۆ ئەو کێشەیە خستووەتەڕوو
بەڵام تاکو ئێستا ئەنجامی نەبووە و لەگەڵ ئەوەش لە هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی
نەوت بەردەوام دەبن.