سەردێڕ:

وەزارەتی بازرگانی عێراق لە ئێن ئار تیەوە وردەکاری وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران ئاشکرادەکات

PM:02:46:23/04/2025

3700 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، وەرگرتنی گەنم لە ناوچەکانی عێراق دەستی پێکردووە و وتیشی، ئەمساڵ ٧٠٠ هەزار تەن گەنم لە جووتیارانی هەرێم وەردەگرن.


ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ـی نیسانی ٢٠٢٥، محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەکرد، لە ناوچەکانی عێراق دەستکراوە بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمساڵ ٧٠٠ هەزار تەن گەنم لە جووتیارانی هەرێم وەردەگرن.

باسی لەوەشکردووە، جیاوازی ناکەن لە نێوان پارێزگاکانی عێراق و پارێزگاکانی هەرێمیش بە هەمان شێوەی پارێزگاکانی دیکە گەنم لە جووتیارانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەردەگرن.

ئەوەش دوای ئەوە هات دوێنێ نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندبوو، لەچوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ دادپەروەری بەرامبەر بە جوتیاران، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر هەموارکردنەوەی پلانی کشتوکاڵی بۆ وەرزی گەنمی ئەمساڵ، بۆئەوەی زەوییەکانی دەرەوەی پلانەکەش بگرێتەوە هاوشێوەی ئەو زەوییانەی لە پلانەکەدا هەیە، لە کۆنتڕۆڵکردن و باجەوە.

ئاماژە بەوەشکرابوو، وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی عێراق رێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی ئەو هەموارکردنەوەیە و وەزارەتی دارایی عێراق رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ تەرخانکردنی دارایی بۆ ئەو گەنمەی لە زەوییەکانی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی دەخرێنە بازاڕەوە، بەمەبەستی دابینیکردنی شایستەی دارایی بۆ جوتیاران.






گۆران عەبدوڵا - بەغدا

 













گەلەری