پۆلیسی زاخۆ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کەسێک لە زاخۆ بە دەمانچە تەقەی لە سێ کەسی ئەندامی خێزانەکەی کردووە و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ـی نیسانی ٢٠٢٥، پۆلیسی زاخۆ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگادار کراینەوە لە رووداوێکی بریندارکردن بە دەمانچە، دەرکەوت کەسێک هاوسەرەکەی و خوشک و باوکی بریندار کردبوو، بەڵام برینەکانیان مەترسیدار نین.
پۆلیسی زاخۆ ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی دەمەقاڵێ لە نێوانیان روویداوە، دواتر ئەو گەنجە بە دەمانچە تەقەی لێکردوون و برینداری کردوون.
ئەوەش خراوەتەڕوو، تەقەکەرەکە تەمەنی ٤٠ ساڵە، دانیشتووی زاخۆیە و تۆمەتبارەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.
سەبارەت بە تەندروستیی بریندارەکان باسیان لەوەکرد، دووانیان فیشەک بە قاچیان کەوتووە، یەکێکیشیان فیشەک بە دەستی کەوتووە، تەندروستییان جێگیرە.