PM:01:14:20/04/2025
1344 جار خوێندراوەتەوە
بەرپرسێکى پێشمەرگە وتی، یەكخستنەوەی هێزەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و مانگی ئاب و ئەیلوولی ئەمساڵ، یەكەی ٧٠ و ٨٠ـی پێشمەرگە بەتەواوی دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ـی نیسانـی ٢٠٢٥، سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێرو مەخموری هێزی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکرد، بەهاوكاریی هاوپەیمانان و دووپاتكردنەوەی وڵاتان، وەزارەتی پێشمەرگە سەرقاڵی یەكخستنەوەی هێزەكانیەتی، لە پێكهێنانی فیرقەكانی بەردەوامە و چاوەڕێ دەكرێت پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزەكانی ٧٠ و ٨٠ش پێش كۆتایی ئەمساڵ کۆتایی بێت.
هاوکات بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە، تا ئێستا چوار فیرقە
دروستكراون و هەموو پێداویستییەكانیان تەواو كراوە و وەزارەتەكە سەرقاڵی پێكهێنانی
دوو فیرقەی دیکەیە كە بڕیارە بەمزووانە ئەوانیش كارەكانیان كۆتایی پێ بێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەی چەندین ساڵە پارتی و یەکێتی دەڵێن، هێزەکانى پێشمەرگە
یەکدەخەنەوە و هێزی حزبی ناهێڵن بەڵام تا ئێستا نەیتوانیووە هەموو هێزەکان بخاتەوە
سەر وەزارەتی پیشمەرگە و بەردەوامن لە دەستوەردان لەکاری ئەو هێزانە و وەک هێزی
حزبی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن.