PM:12:11:20/04/2025
6372 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، ئەوەی پارتی دەیکات قۆرغکردنی دەسەڵاتە و ئەوەی یەکێتیش لەگەڵ خەڵک و بەڵێنەکانی خۆی دەیکات قۆڵبڕینە.
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، "نەوەی نوێ ناچێتەوە ناو حکومەتێکەوە کە دەسەڵاتی نەبێت و سەرۆکی یەکێتی خۆی رایگەیاندبوو کە هیچ دەسەڵاتیان نییە".
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر یەکێتی دەوێرێت سەرۆک وەزیران لە دەرەوەی پارتی دابنێت کورسییەکانمانی پێ دەدەین" و هەروەها وەڵامی مەسرور بارزانی دایەوە و وتی، "ئەگەر پەرلەمانی کوردستان کۆ نەبێتەوە پەرلەمان هەڵدەوەشێنینەوە".
هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، "یەکێتی و پارتی هەرگیز هیچیان پێنەکراوە و ئێستاش پێیان ناکرێت و هەرکەس و لایەنێک لە پارتی و یەکێتی نزیک بێت لەخوا دوورە و زیادکردنی باج و رسوماتیش لەسەر خەڵک ئیشی پارتی و یەکێتییە و دەزانین گەورەترین مەترسی لەسەریان نەوەی نوێیە و داوا لەسەرجەم هاوڵاتییان دەکەم کارتی بایۆمێتری دەربهێنن".
لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی، "بە خەڵکمان وت لە حکومەت بین یان ئۆپۆزسیۆن کاریان بۆ دەکەین و کردوشمانە و هەڵبژاردن نەبێت هاوڵاتیان چۆن دەتوانن تۆڵە لە یەکێتی و پارتی بکەنەوە".