سەردێڕ:

بەڕێوبەری هاتوچۆی هەرێم: ئاگاداری پرۆسەی گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل نیم

PM:02:31:26/04/2022

18976 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوبەری هاتوچۆی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "من ئاگاداری تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل نیم و زانیاری لای هاتوچۆی هەولێرە، من هیچی لێ ئاگادار نیم".


ئەمڕۆ سێشەممە، لەبەداواداچونێکی ئێن ئاڕ تی لەبارەی پرسی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێلەوە پەیوەندی بە عەبدولقادر عزیز بەڕێوبەری هاتوچۆی هەرێمەوە کرد و ئاماژەی بەوەکرد، "من هیچی لێ ئاگادار نیم".

ئەوەشی خستەڕوو، من ئاگاداری تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل نیم و زانیاری لای هاتوچۆی هەولێرە، چۆنە و چۆن دروست دەکرێت و چۆن بڕیاریشی لەسەر دراوە.

وتیشی، ئەوان وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەرێم هیچ زانیارییەکیان لەسەر کۆی پرۆسەی گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان بۆ تابلۆی نوێ نییە.

دەشڵێت، ئەوەی بڵاوکراوەتەوە تەنها لای هاتوچۆی هەولێرەوە بووە و زانیارییەکان لای ئەوانە.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوای رێککەوتنی نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی عێراق لەبارەی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێلەوە، دوێنێ رێکەوتی ٢٥ی ٤ی ٢٠٢٢ یەکەم تابلۆ بە سیستمی نوێ لە هاتوچۆی هەولێر چاپکرا و دەستکرا بە پێدانی تابلۆ بە شوفێران.

ئەمڕۆش فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لەبارەی تێچووی گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانەوە ئاشکرای کرد، هەرکەسێک ساڵانەی ئۆتۆمبێلەکەی بەسەر چوبێت و نوێی بکاتەوە، تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێلی پێدەدرێت و بڕی ٦٠ هەزار دیناریشی لێوەردەگیرێت، هەرکەسێکیش بەخواستی خۆی پێش بەسەرچوونی ساڵانەکەی تابلۆکە بگۆڕێت بڕی ١٢٠ هەزار دیناری لێوەردەگیرێت. وتیشی، "هەرکەسێک بەرواری لەدایکبوونی و پیتێکی ناوی خۆی لەسەر تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی بنوسێت پێویستی بە دوو ملیۆن دینارە".

 

هێرش قادر - هەولێر













گەلەری