PM:05:35:02/04/2026
61124 جار خوێندراوەتەوە
بۆ ئەوانەی بە نیازن سبەی بچنە گەیشت و سەیران، شارەزایەكی كەشناسی زانیاری دەدات و دەڵێت، سبەی هەینی ئاسمان بە زۆری نیمچە هەور دەبێت و لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە بارانبارین بە شێوەی پچڕ پچڕ دەستپێدەکات و لە هەندێک ناوچە هەورە بروسکەشی لەگەڵ دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢ـی نیسانی ٢٠٢٦، ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی، لەبارەی كەشوهەوای سبەی هەینی وتی، "سبەی، ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە زۆری نیمچەهەور دەبێت، لە ئەنجامی ناجێگیرییەکی لاواز لە کەش و بەرگەهەوادا، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ بەدواوە لە شوێن و کاتی جیاوازدا ئەگەری چالاکبوونی هەورەبرووسکە و تاوەبارانی مامناوەندی کورت خایان دەبێت".
ئاماژەی بەوەش کردووە،
"ئەم ناجێگیرییە لە کاتەکانی شەودا زیاتر دەبێت، ئەگەری چالاکبوونی هەورەبرووسکەی
بەهێز و تاوەبارانی بەخوڕ لە زۆربەی ناوچەکاندا دەبێت، لەگەڵ بارینی تەرزە لە هەندێک
شوێن، پلەی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ بە رێژەی دوو پلە بەرزتر دەبێتەوە، خێرایی با
لەسەرخۆ دەبێت پێنج بۆ ١٥ کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا.
ئەو شارەزای كەشناسییە
باسى لەوەش كردووە، بەگشتی سبەی بۆ گەشت و چوونەدەرەوە گونجاو نابێت، بەتایبەت لە
کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە ئەگەری هەورەبرووسکە و تاوەباران هەیە، بەڵام مەرج نییە هەموو
شوێنێک هەورەبرووسکە و تاوەبارانی تێدا دروست بێت، بەشێوەیەکی دیارینەکراو ئەو تاوەباران
و برووسکانە بەسەر ناوچەی جیاجیادا دروست دەبن، لەوانەیە هەندێک شوێن کەشوهەواکەی
جێگیر بێت، بەڵام لە کاتەکانی شەودا ئەگەرەکان زیاتر دەبن بۆ تاوەبارانی بەخوڕ و هەورەبرووسکە.