گۆڕی ژنێک دۆزراوەتەوە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا

PM:01:03:26/04/2025

6752 جار خوێندراوەتەوە

لە یەکێک لە دیارترین دۆزینەوەکاندا، شوێنەوارناسان توانیان گۆڕی ژنێک بدۆزنەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا.

لە بابەتێکی ماڵپەڕی " eremnews" بڵاوکراوەتەوە، شوێنەوارناسان توانیان گۆڕی ژنێک بدۆزنەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا ئەوەی جێگەی سەرنج بوو ئەوەبوو پێست و قژ و نینۆکەکانی بە باشی پارێزراو بوون.

ئەو شوێنەی کە دۆزینەوەکەی تێدا کراوە دەکەوێتە ناوچەی ئەسبيری شارستانیەتی کارال کە کۆنترین شاری ناسراوە لە ئەمریکادا لە هەمان سەردەمی شارستانیەتی میسر و چینی و سۆمەریدا گەشەی کردووە.

دەیڤید پالۆمینۆی شوێنەوارناس، دۆزینەوەکەی بە "گۆڕێکی گرنگ بۆ ژنێکی پلە بەرز" ناوبردووە، ئەوەشی روونکردەوە کە شێوازی ناشتنی لەگەڵ سیماکانی جەستەی ئاماژەیە بۆ پێگەی بەرزی ئەو ژنە لە کۆمەڵگاکەیدا، تەمەنی ئەو ژنە لە کاتی مردنیدا لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٥ ساڵ مەزەندە دەکرێت.

ئەوەی گۆڕەکە زۆر تایبەت کردووە ئەو پۆشاکەیە کە جەستەی داپۆشیوە، کە لە پەڕی شین و قاوەیی دروستکراوە.

پالۆمینۆ ئاماژەی بەوە کرد کە دۆزینەوەکە کاریگەری قووڵی هەیە سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە شارستانیەتی کارالدا وتیشی "تەنها پیاوان ڕۆڵی سەرەکییان نەبووە بەڵکو ژنانیش بەشێکی سەرەکی بوون لە شارستانییەکە"

جێگەی باسە شارستانیەتی کارال بە یەکێک لە کۆنترین کۆمەڵگاکان دادەنرێت کە ژیانی شارستانییەتی ڕێکخراوی لە ئەمریکادا دامەزراندووە.