جۆنی دێپ لە کۆتا قۆناغەکانی رێککەوتندایە بۆ گەڕانەوە بۆ رۆڵی کاپتن جاک سپارۆ

PM:05:08:21/04/2025

380 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی هەواڵێکی نوێی رۆژنامەکان، جۆنی دێپ لە هەموو کاتێک نزیکترە لە گەڕانەوەی بۆ زنجیرەی چەتەکانی دەریای کاریبی و رۆڵی کاپتن جاک سپارۆ.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی زە ئێکسپرێس، دوای ئەوەی دیزنی لە بەشداریکردن لە زنجیرەکە دووریخستەوە، بەڵام لە ئێستادا گەڕانەوەی جۆنی دێپ بۆ رۆڵی جاک سپارۆ بۆ شەشەمین بەشی زنجیرە فیلمەکە لە کۆتا قۆناغەکانی گفتوگۆکردندایە.

هەر بەپێی هەواڵەکە، گرێبەستێک بۆ گەڕاندنەوەی دێپ بۆ زنجیرەفیلمەکە ئامادەیە و ئەکتەرەکەش دەیەوێت دووبارە ببێتەوە بە کاپتن جاک سپارۆ.

ئەمە لە کاتێکدایە، جۆنی دێپ پێشتر وتبووی، ئەگەر دیزنی ٣٠٠ ملیۆن دۆلاریشی بدەنێ، ئەو ناگەڕێتەوە بۆ رۆڵبینین لە زنجیرەفیلمی چەتەکانی دەریای کاریبی.

بەهۆی کەیسی جیابوونەوەکەی لەگەڵ ئەمبێر هێردی هاوسەری پێشووی، جۆنی دێپ لە چەند ساڵی رابردوودا رووبەڕووی چەندین دوورخستنەوە و تانە بووەوە، لە چەند فیلمێکی هۆڵیوود دوورخرایەوە، بەڵام دوای ئەوەی کەیسەکە لە دادگا بە سوودی جۆنی شکایەوە، لە ئێستادا هۆڵیوود دەیەوێت ئەکتەرە بەناوبانگەکەی بگەڕێنێتەوە و لە سەروو هەمووشیانەوە کۆمپانیای دیزنی بۆ زنجیرە فیلمی Pirates of the caribbean .