گەنجێکی بەریتانی کە بە
هاوشێوەی مایکڵ جاکسۆن هونەرمەندی پۆپی کۆچکردووی ئەمریکا دادەنرێت، بە ڤیدیۆیەک
وەڵامی ئەو کەسانە دەداتەوە کە پێیان وتووە بە نەشتەرگەریی جوانکاریی خۆی کردووە
بە هاوشێوەی ئەو هونەرمەندە.
بەگوێرەی رۆژنامەی دەیلی
مەیلی بەریتانی، فابیۆ جاکسۆنی تەمەنی ٢٨ ساڵ لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە رایگەیاندووە
شێوەی سروشتیی خۆی لە مایکڵ جاکسۆن دەچێت و هیچ نەشتەرگەرییەکی جوانکاریی
نەکردووە.
ئەو گەنجە کە ئێستا لە
ئەمریکا دەژی ئاماژەی بەوەکردووە، بە هاوشێوەیەکی زۆر نزیکی مایکڵ دادەنرێت ئەو
شێوەیەی وایکردووە لەلایەن خەڵکییەوە رووبەرووی رەخنە و بێزارکردن ببێتەوە.
فابیۆ دەڵێت "لێکچوونم
لە مایکڵ سروشتییە و نەشتەرگەریی جوانکاریم نەکردووە، بەتایبەت ئەو کاتەی تەمەنم
١١ ساڵ بوو زیاتر لە روخسارم بە شێوەی مایکڵ دەچوو"، بەهۆی ئەو لێکچوونەوە
ژمارەی فۆڵۆوەرەکانی لە تیک تۆک زیادی کردووە.
ئەو گەنجە بەریتانییە لە
درێژەی قسەکانیدا ئاشکرایکردووە، بەراوردکردنی بە مایکڵ لە قۆناغی ناوەندییەوە
بووە تا ئەو کاتەی چووەتە زانکۆ لێکچوونی بەو هونەرمەندە زۆر زیاتر بووە، هەروەک
وتوویەتی "لە ڤیدیۆکە دەبینن هیچ لە روخسارم نەگۆڕاوە و لەگەڵ گەورەبوونمدا
لوت و چەناگەم گەورە بووە و ددانەکانم گۆڕاون، وەک مایکڵ قژم درێژە و هەر بەو
شێوەیەش بووە".
ئ.ل