دەتوانیت ئاگاداری هەندێک نیشانە بیت کە ئاماژەن
بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی سۆدیۆم یان خوێ لە جەستەتدا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "verywellhealth"، بە کەمکردنەوەی ڕێژەی
خوێ، لەنێویاندا خۆراکە لەقتونراوەکان کە ڕێژەیەکی زۆر سۆدیۆمیان تێدایە، ڕەنگە
بتوانیت باشتر پەستانی خوێنت کۆنتڕۆڵ بکەیت و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ
و ئاڵۆزییە تەندروستییەکانی دیکە کەمبکەیتەوە.
لێرەدا چەند نیشانەیەک دەخەینەڕوو کە ئاماژەن بۆ
ئەوەی رەنگە خوێی زیادەت هەبێت:
١. سۆدیۆم ماددەیەکی خۆراکی سەرەکییە و یارمەتی
جەستە دەدات هاوسەنگی شلەی ناوەوە و دەرەوەی خانەکان بپارێزێت، بەڵام ئەگەر خوێی زۆر
بخۆیت، جەستەت ئاو لە خانەکان وەردەگرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی، ئەمەش دەبێتە هۆی
وشکبوونەوەی جەستە، تینوێتی زۆر یەکێکە لە نیشانە سەرەکییەکانی، نیشانەکانی دیکەش
بریتین لە وشکبوونەوەی دەم ، وشکبوونەوەی پێست و وشکبوونەوەی چاو بەهۆی کەمی ئاو لە
شانەکاندا.
٢. سەرئێشە،سەرگێژخواردن، توڕەبوون هەموو ئەمانە یەکێکن لە نیشانە ئەگەرییەکانی
بەرزبوونەوەی ئاستی سۆدیۆم لە جەستەدا.
٣. هەستکردن بە ماندوێتی زۆر یەکێکە لە نیشانە
سەرەتاییەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی سۆدیۆم ئەمەش دەتوانێت هاوسەنگی شلەی ناوەوە و دەرەوەی
مێشک بگۆڕێت.
٤. سۆدیۆم بەشدارە لە کارە گرنگەکانی جەستە وەک
هەرسکردن و گرژبوونی ماسولکەکان و لێدانی دڵ، کاتێک سۆدیۆم لە خوێندا زۆر بێت، دەبێتە
هۆی ناهاوسەنگی لە نێوان ئەلکترۆلایتەکان و سۆدیۆم و کالیسیۆمدا ئەمەش دەبێتە هۆی
ناڕێکی لێدانی دڵ یان خێرابوونی لێدانی دڵ.
٥. یەکێک لە نیشانە باوەکانی زیادەڕۆیی لە
خواردنی خوێ ئاوسانە ئەمەش بەهۆی ڕاگرتنی شلە لە جەستەدا، کە شانەکان شلەی زیاتر لەخۆدەگرن
لەوەی کە لە ڕێگەی میزکردنەوە دەردرێت، ڕاگرتنی شلە دەبێتە هۆی ئاوسانی دەموچاو بەتایبەتی
دەوروبەری چاو.
٦. زیادەڕۆیی لە خواردنی خوێ مەترسی قەڵەوی بە ڕێژەی
٢٦% و ٢٨% زیاد دەکات، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر جەستە دروست دەکات.
٧. خواردنی زیاتر لە پێنج گرام سۆدیۆم لە ڕۆژێکدا
پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەروەها ئەگەری
تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و مردنیش زیاد دەکات.
٨. زۆر خواردنی سۆدیۆم دەبێتە هۆی نیشانەکانی وەک
سکچوون و تێکچوونی گەدە و دروستبوونی کێشەی هەرسکردن ئەمەش بەهۆی زیادبوونی قەبارەی
شلە لە کۆئەندامی هەرسدا کە بە زیادبوونی شلە ناسراوە.
٩. ڕاگرتنی شلە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن کە
لە ئەنجامی ژەمێکی بەرزی سۆدیۆمەوە دروست دەبێت، دەتوانێت ببێتە هۆی تێکچوونی خەو.