توێژینەوەیەک کە لەلایەن زانایانی چینەوە ئەنجامدراوە،
ڕێگەیەکی سادەیان ئاشکرا کردووە کە یارمەتیدەرە بۆ زاڵبوون بەسەر خەم و خەمۆکیدا.
لە گۆڤاری "APHWB" بڵاوکراوەتەوە،
توێژینەوەکە دەریخستووە کە گوێگرتن لە دەنگە سروشتییەکان، وەک دەنگی باڵندەکان، دەتوانێت
یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی دڵتەنگی تا ڕادەیەک هاوشێوەی کاریگەرییەکانی مێدیتەیشن
و ڕاهێنانی هەناسەدان و یۆگایە هەروەها کاریگەری ئەرێنی لەسەر سیستمی دەمار هەیە و
یارمەتی گەڕاندنەوەی هاوسەنگی دەدات.
توێژینەوەکە لەسەر ١٨٧ خوێندکاری زانکۆ
ئەنجامدراوە، هەندێکیان نیشانەکانی خەمۆکییان هەبووە، بەشداربووان بەسەر دوو
گروپدا دابەشکراون، گروپێک گوێیان لە دەنگی باڵندەکان گرتووە لە کاتێکدا گروپەکەی دیکە
دانیشتنێکی کورتی یۆگایان ئەنجامداوە، ئەنجامەکان دەریانخستووە کە هەردوو شێوازەکە
ئاستی خەمۆکییان کەمکردووەتەوە و یارمەتیدەر بوون بۆ گەڕاندنەوەی ئارامیی سۆزداری
بەڵام کاریگەری ئەرێنی دەنگی باڵندەکان زیاتر بوون.
داتاکان دەریانخستووە کە ئەوانەی گوێیان لە دەنگی
باڵندەکان گرتووە، خێراتر چاکبووبوونەتەوە، شارەزایان ئەم دۆزینەوە ڕوون دەکەنەوە
بەوەی کە گوێگرتن لە دەنگە سروشتییەکان پێویستی بە هەوڵی دەروونی یان تەرکیزێکی بەرز
نییە، بە پێچەوانەی مێدیتەیشن کە پێویستی بە پراکتیزەکردنی بەردەوام و هۆشیاری قووڵ
هەیە، هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەنگە سروشتیەکان سوودبەخشن بۆ ئەو کەسانەی کە تەرکیزیان
لاوازە یان باری دەروونییان باش نییە چونکە بە هێمنی باری دەروونی باشتر دەکات و
هاوسەنگی ناوەوە دەگەڕێنێتەوە.