پاراستنی زمان
PM:03:59:23/02/2026
1520 جار خوێندراوەتەوە
چیا کەریم
+
-
زمان ئەو توخمە
سەرنجڕاکێشەی بەرهەمی بیری مرۆڤە، کە هەزاران نهێنیی هەزارەها ساڵ بەر لە ئێستای نەوە
لە دوای نەوەی بۆ پاراستووین. تاکە هۆیە بۆئەوەی مرۆڤ بتوانێت لە خۆی بدوێت، ئامڕازێکە
بە دەست وێژەوانەوە کە ڕێچکەو ویستو فیکرو بونیات دەستەبەردەکاتو لە ڕێگەیەوە گەشە
بە داهێنانەکانی دەکات. بەرزتریین هۆکارە بۆ پەیوەندییکردنو وەکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییو
مرۆیی هۆکارێکی سەرەکیی پەیوەندییو لە یەکگەیشتنە هەر ئەم پێگەیەیشی وایکردووە
پانتاییەکی فراوان لە ژیانی مرۆڤ داگیربکات.
یەکێکە لە ڕەگەزە
بنەڕەتییەکانی پێکهێنانی نەتەوە چونکوم ئامڕازی بەیەکگەیشتنو گەیاندنی هزرو بیرو
ناساندنی کلتوورو شارستانیەتو مێژووی هەموو نەتەوەیەکە هەر بۆیە نەتەوە بێ زمان
بوونی نییە! هەر وەک (جۆهان هەردەر) زمان بە گیانی نەتەوە دادەنێت. تێڕوانینی تەقلیدیی
چاولێکەریی باوڕۆیشتوو بۆ زمان، زمانەکە برینداردەکاتو کەلێنی بۆ دروستدەکات. هەر
هەڕەشەو مەترسییەکیش بۆ سەر زمان، هەڕەشەیە بۆ سەر یەکڕیزییو ناسنامەی ئەو نەتەوەیە
چونکوم زمان ناسنامەو شوناسە، لە بنەما سەرەکییەکانی هێشتنەوەی هەر نەتەوەو میللەتێکە
بە زیندویی.
شایانی گوتنە دیراسەکردنی
زمان هەر ئەوە نییە وەکو پێڕەوێکی زانستیی ئەبستراکت/نادیار تەماشابکرێت، بەڵکوم هەر
یەکێک لەو بۆچوونو تیۆرانەی دەربارەی زمان پێشکەشکراون پێویستە بە وێنەیەکی نمونەیی
گرنگو بەسوود دابنێرن لە نێو کۆمەعریفەی مرۆڤایەتییدا.
لە ئێستایشدا سەرباری
ئاڵەنگارییەکان، خۆشبەختانە لە ژێر ڕۆشنایی ئەو لێکۆڵینەوە بەپێزو ئاستبەرزانەی پێشکەشکراون
کۆدی چەندین گرێکوێرە بە بابەتی وردو نەزانراو بۆ ئاخێرەر کراونەتەوە هاوکات قۆناغەکانی
بەرەوپێشچوونی زمانەکەمان هەنگاوی باشی بڕیوەو ڕۆژبەڕۆژ سەری ئەو گەنجینەیە هەڵدەدرێتەوەو
چشتی نوێو چاوەڕواننەکراوی تێدا دەدۆزرێتەوە.