سەردێڕ:

دوای کۆبوونەوەکەی بایدن و کازمی؛ بانکی ناوەندی عێراق قسەی نوێ دەکات

PM:04:47:27/07/2021

26272 جار خوێندراوەتەوە

بانکى ناوەندى عێراق رایگەیاند، بەرپرسانى یاسایی ئەمریکا پێیان راگەیاندوون، کە هەموو یەدەگ و پارەکانى بانکەکە پارێزراوە و هیچ لایەنێک ناتوانێت دەستى بەسەردابگرێت.


لە راگەیەندراوێکدا بانکى ناوەندى عێراق بڵاویکردەوە، کە بەرپرسانى یاسایی ئەمریکا بە پارێزگارى بانکەکەیان راگەیاندووە، ئەوان بەرگرى لە پارێزبەندیی یەدەگى بانکەکە دەکەن لە تەواوى وڵاتان و ناتوانرێت دەستکاریی بکرێت.

باس لەوەشکراوە، لە داهاتوویەکى نزیکدا عێراق سەرجەم قەرەبووەکان و سوودە کەڵەکەبووەکانى پێش ساڵى ٢٠٠٣ دەداتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆى هەڵگرتنى، راگرتنى نێودەوڵەتى لەسەر پارەکانى عێراق لە دەرەوەى وڵات و دەکرێت بۆ دانەوەى قەرزى وڵاتان و کۆمپانیاکان بەکاریبهێنێت.

راشیگەیاندووە، ئەو لایەنە یاساییانەی ئەمریکا ئەوەیان خستووەتەڕوو، پارە و یەدەگى بانکى ناوەندى عێراق بەپێی یاسا کارپێکراوەکانى ئەمریکا پارێزراوە و بەڵێنی پاراستنى ئەو بڕە پارەیەشیاندا کە لە بانکە ناوەندییەکان و بانکەکانى دیکەى وڵاتانى تردا هەن.

مەزەندە دەکرێت زیاتر لە شەش ملیار دۆلارى عێراق لە ئەمریکا و وڵاتانى دیکە دەستی بەسەردا گیرابێت، کە باوەڕدەکرێت بنەماڵەى سەدام حسێن و هاوکارەکانیان لە بانکى ناوەندى لە پێشتردا بەنایاسایی لە بانکەکانى ئەو وڵاتانە هەڵیانگرتبێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران لە ئەمریکایە و دوێنێش لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکادا کۆبوونەوە و چەند بڕیارێکی هاوبەشیان دەرکرد.













گەلەری