سەردێڕ:

لە هەولێر تەقە لە کەسێک کرا و گیانی لەدەستدا

PM:12:31:07/05/2024

17968 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لەسەر شەقامی ١٠٠ مەتری شاری هەولێر لە بەردەم زانکۆی جیهان تەقە لە کەسێک کراوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.


پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەش کرد، رووداوەکە بەجۆرێک بووە، ئۆتۆمبێلێک کە سێ کەسی تێدا بووە هاتونەتە بەردەم زانکۆی جیهان و یەکێکیان تەقەی لەو کەسە کردووە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

وتیشی، ئەو کەسەی تەقەی لێ کراوە پێش ئەوەی بگەیەنرێتە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە، لە ئێستادا تەرمەکەی لە پزیشکی دادە.

باسی لەوەش کرد، بە وتەی کەسوکارەکەی، رووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە و تا ئێستا بکەرانی رووداوەکەش دەستگیر نەکراون، هاوکات داوایان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە دەست بە لێکۆڵینەوە بکەن لەوبارەیەوە و لە زووترین کاتدا بکەرانی رووداوەکە دەستگیر بکەن.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە خەڵکی مەخمورە و پیشەی کاسبکار بووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٥ـی ئایار ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، لە رووداوێکی تەقەکردندا لەناو بازاڕی شاری هەولێر کەسێک کوژرا.













گەلەری