سەردێڕ:

جارێکی دیکە ئاگر لە بازاڕی قەیسەری هەولێر کەوتەوە

AM:10:18:07/05/2024

46608 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، جارێکی دیکە ئاگر لە بازاڕی قەیسەری هەولێر کەوتەوە.


ئاماژەی بەوەش کرد، ئاگرەکە لە کۆگایەکی بازاڕەکەدا سەریهەڵداوەتەوە بەهۆی مانەوەی ئاگر لەژێر ئەو کەلوپەلانەی لە ئاگرەکەی دوو رۆژی رابردوودا سووتابوون و لەسەر یەک کەڵەکە ببوون لەگەڵ بوونی مادەی نایلۆن و چەند مادەیەکی دیکە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا تیمەکانی بەرگری شارستانی هەولێر سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، شەوی ٥ـی ئایار ئاگر لە بازاڕی قەیسەری هەولێر کەوتەوە و چەندان تیمی بەرگری شارستانی هەولێر خرانە ئامادەباشییەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و دوای زیاتر لە چوار کاتژمێر لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنتڕۆڵ کرا.

لەو بارەیەوە، پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە ئاگرەکەی شەوی ٥ـی ئایار لە بازاڕی قەیسەری هەولێر، ٢٢٧ دوکان و حەوت کۆگا سوتاون و زیانیان بەرکەوتووە. وتیشی، "١٥ برینداری رووداوەکە رەوانەی نەخۆشخانە کراون".

هاوکات، وەزارەتی کارەبای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، لیژنەی لێکۆڵینەوەی رووداوە نەخوازراوەکان سەردانی بازاڕی قەیسەری کردووە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە هۆکاری ئاگرەکە شۆرتی کارەبا نەبووە.

لەلایەکی دیکەشەوە، قائیمقامی هەولێر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند ، لەسەر رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەری هەولێر چەند کەسێکیان دەستگیر کردووە.

ئەوەش بۆ دووەم جارە لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەری هەولێر بکەوێتەوە و لەمساڵدا چوارەم رووداوی گەورەی ئاگرکەوتنەوەیە لە بازاڕەکانی هەولێردا.

لە سەرجەم رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەدا لەمساڵدا، زیانێکی زۆر بەر کاسبکار و خاوەن دوکانەکان کەوتووە، حکومەتی کاربەڕێکەریش تا ئێستا قەرەبووی ئەو کەسانەی نەکردووەتەوە کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە زیانیان بەرکەوتووە و زۆربوونی ژمارەی رووداوەکان، گومانی لای هاوڵاتییان و کاسبکاران دروست کردووە.

 

شارا ئازاد، هەولێر













گەلەری