میدیا فەرمییەکانی ئێران و چاوگێکی ئاگادار بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، هێزە بەرگرییەکانی ئێران فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکایان تێک شکاندووە و خستوویانەتە خوارەوە و لە ئێستاشدا هەڵمەتێکی چڕی گەڕان و رزگارکردن بۆ دۆزینەوەی فڕۆکەوانەکە دەستی پێکردووە.
ئەمڕۆ هەینی ٣ـی نیسانی ٢٠٢٦، میدیاکانی ئێران چەند وێنە و ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا پارچە تێکشکاوەکانی فڕۆکەکە و یەکێک لە کورسییەکانی بازدانی فڕۆکەوانەکە (ejection seat) دەردەکەون.
بەگوێرەی شیکارییە سەرەتاییەکان بۆ وێنەکان،
وا دەردەکەوێت فڕۆکە تێکشکاوەکە لە جۆری F-15 بێت، کە یەکێکە لە فڕۆکە جەنگییە سەرەکییەکانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا.
ئاژانسی ئەکسیۆسیش رایگەیاند، ئێران
بۆ یەکەمجار لە سەرەتای جەنگەوە فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکای خستە خوارەوە و لە
ئێستادا گەڕان بە دوای فڕۆکەوانەکە دەستیپێکردووە.
هاوکات تاوەکو ئێستا، وەزارەتی جەنگی
ئەمریکا (پێنتاگۆن) و کۆشکی سپی هیچ وەڵامێکی فەرمییان بۆ داواکاریی میدیاکان نەبووە
و لێدوانیان لەسەر رووداوەکە نەداوە.
ئەم رووداوە پێشهاتێکی مێژوویی و مەترسیدارە
لە ململانێی نێوان هەر دوو وڵاتدا، چونکە ئەمە دەبێتە یەکەمین جار لە سەرەتای هەڵگیرسانی
جەنگەکەوە کە فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکی راستەوخۆ لەلایەن هێزەکانی ئێران بخرێتە
خوارەوە.