سەردێڕ:

عێراق ئینتەرنێت بۆ سەرجەم قوتابخانەکان دابیندەکات

PM:12:35:03/04/2026

540 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پەروەردەی عێراق، بڕیاریدا بە دابینکردنی ئینتەرنێت بۆ قوتابخانەکان لە سەرجەم پارێزگاکان و وتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، جێبەجێکردنی ئەم ئەزموونە لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی تر دەگۆڕێت بەپێی ئامادەیی ژێرخان و توانای تەکنیکییە.


ئەمڕۆ هەینی ٣ـی ئازاری ٢٠٢٦، کەریم سەید، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وت، ئەزموونی گەیاندنی ئینتەرنێت تەنیا بۆ پارێزگایەک نییە، بەڵکو هەموو قوتابخانەکانی عێراق لە سەرجەم پارێزگاکان دەگرێتەوە.

وتیشی، جێبەجێکردنی ئەم ئەزموونە لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی تر جیاوازە بەپێی ئامادەیی ژێرخان و توانای تەکنیکی بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکە بۆ قوتابخانەکان، وەزارەتیش هەماهەنگییەکی تایبەت و بەردەوامی لەگەڵ کۆمپانیاکانی دابینکەری خزمەتگوزاری ئینتەرنێت هەیە بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی پڕۆژەکە.

روونیشیکردەوە، ئەم هەنگاوە لە ساڵی رابردووەوە دەستیپێکردووە و راستەوخۆ هاوکات بووە لەگەڵ کەوتنەکاری قوتابخانە نوێیەکان و قوتابخانە زیرەکەکان.

دەشڵێت، ئەم تەکنەلۆژیایانە بە بەشێکی تەواوکەر و سەرەکیی ئامرازە ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵییە پەسەندکراوەکانی ناو قوتابخانە مۆدێرنەکان دادەنرێن.

باسی لەوەشکرد، پلانەکە ئامانجی گشتگیرکردنی ئەزموونەکەیە لە هەموو پارێزگاکان، ئەمەش پڕۆسەیەکە کە کات و رێکاری تەکنیکی دیاریکراوی دەوێت، کە وەزارەت یەک لە دوای یەک ناوی ئەو پارێزگا نوێیانە رادەگەیەنێت کە بە تەواوی خزمەتگوزارییەکەیان بۆ دابین دەکرێت.













گەلەری