سەردێڕ:

وەزارەتی دەرەوەی عێراق: پابەندین بەوەی عێراق لە ململانێی ناوچەکە بەدووربێت

PM:09:06:02/04/2026

844 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، پابەندنەبوون بە یاسا لەلایەن چەند كەس و لایەنێكەوە كێشەی بۆ حكومەت دروست كردووە و دەشڵێت "هەوڵەكانمان چڕ دەكەینەوە بۆ رێگریكردن لەهەر گرژییەك".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢ـی نیسانی ٢٠٢٦، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی نیگەرانییە ئەمنییەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکای دایەوە و رایگەیاند، "هەر کارێکی تاکلایەنە یان هەوڵێک بۆ قۆستنەوەی سیفەتی وەزیفی بۆ ئەنجامدانی کارێک کە پێچەوانەی ئاراستەی دەوڵەت بێت، گوزارشت لە سیاسەتی فەرمی عێراق ناکات و ئەوانە کارێکی نایاسایین."

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە کە حكومەتی عێراق درک بە مەترسیی قۆناغەکە دەکات، بۆیە دووپاتی دەکاتەوە کە رەنگە هەندێک لایەن یان کەس، بەپێچەوانەی ئاراستەی دەوڵەت، هەوڵی گرتنەبەری رێکاری تاکلایەنە بدەن یان پێگەکانیان بقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی کارێک کە نوێنەرایەتیی سیاسەتی فەرمیی دەوڵەت ناکات.

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو جۆرە رەفتارە تاکەکەسی یان گروپە سنووردارەکان بە کارێکی دەرەوەی یاسا دادەنرێن و بە هیچ شێوەیەک رەنگدانەوەی رۆڵی حكومەتی عێراق یان دامەزراوەکانی نین، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتیش لە لایەن چەند کەسێکەوە پاساو ناداتە دەست بۆ دەرکردنی بڕیاری بەکۆمەڵ یان خستنەپاڵی بەرپرسیارێتییەکە بۆ پاڵ حكومەت.

وەزارەتی دەرەوە باسی لەوەش کردووە، ئەوەی دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، ئەوەیە کە ئەم ململانێیە لە سێبەری پاشەکشەیەکی روونی پابەندبوون بە پێوەرە یاسایی و مرۆییەکانی پەیوەست بە ململانێ چەکدارییەکان بەڕێوە دەچێت، ئەمەش وای کردووە ببێتە شەڕێکی کراوە کە کاریگەرییەکانی تێکەڵ ببن و بەرۆکی ئەو وڵاتانەش بگرێت کە لایەن نین لە شەڕەکەدا، لەوانەش عێراق.

لە کۆتاییدا وەزارەتەکە دووپاتی کردەوە کە لەم قۆناغە نائاساییەدا، حكومەت زۆرترین هەوڵ دەدات بۆ رێگریکردن لە هەر جۆرە پەرەسەندنێک، هەروەها بەهێزکردنی رێکارە ئەمنییەکان، پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان، بەرژەوەندییە بیانییەکان و هاوڵاتییان لە ناوخۆی وڵاتدا. هاوکات بەردەوامیشە لە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ زامنکردنی بەکارنەهێنانی خاکی عێراق وەک خاڵی دەستپێک بۆ هەر کردەوەیەکی دوژمنکارانە.













گەلەری