وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، شوێنی دەستبەسەرکردنی زیندانیانی داعش بە چەندین پشتێنەی ئەمنی پارێزراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەزار داعش تەواو بووە و هەوڵەکان دەستیان پێکردووە بۆ ئیمزاکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت هاووڵاتییانی خۆیان وەربگرنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢ـی نیسانی ٢٠٢٦، ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق لە زاری ئەحمەد لەعێبی، وتەبێژی وەزارەتی داد، بڵاویکردەوە، ئەندامانی داعش لە ئێستادا لە زیندانی ناوەندیی کەرخ دەستبەسەرن و لە ئێستادا ناگوازرێنەوە بۆ هیچ شوێنێکی تر.
ئاماژەی
بەوەشکرد، وەزارەت شوێنی دەستبەسەرکردنی تیرۆریستانیان لە ڕێگەی چەند پشتێنەیەکی ئەمنییەوە
پاراستووە کە لەلایەن هێزەکانی دەزگای دژەتیرۆر و کارمەندانی فەرمانگەی چاکسازیی عیراقەوە
چاودێری دەکرێن.
دەشڵێت، زیندانییەکان
هێشتا لەژێر پرۆسەی لێپرسینەوەدان و لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەزار کەسیان ئەنجام دراوە،
بەڵام تا ئێستا هیچ سزایەکی دادوەرییان بەسەردا نەسەپێنراوە، جەختیشی کردەوە کە ئەگەر
سزای لەسێدارەدان بەسەر هەر تیرۆریستێکدا بسەپێنرێت، مەرجە سزاکە پلەی کۆتایی (بنەبڕ)
وەربگرێت و لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە پەسەند بکرێت.
وتەبێژەکە وتیشی،
"هیچ کام لەو وڵاتانەی کە زیندانییەکانی داعش ڕەگەزنامەکەیانیان هەڵگرتووە، داوای
گواستنەوەی هاووڵاتییانی خۆیان نەکردووە بۆ تەواوکردنی ماوەی سزاکانیان لە وڵاتی خۆیان،
وەزارەتی داد لەوانەیە لە داهاتوودا یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو وڵاتانە ئیمزا
بکات کە ئارەزوو دەکەن هاووڵاتییە تیرۆریستە سزادراوەکانیان وەربگرنەوە دوای دەرچوونی
حوکمەکان بەسەریاندا، جگە لەو زیندانییانەی کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.