پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوو زیاتر لە ٢٥ هێرشی درۆنی بۆ سنووری هەولێر هەبوون، کە زۆربەیان بە ئاڕاستەی کونسوڵخانەی ئەمریکا بوون و سەرجەم هێرشەکانیش نەگەشتوونەتە ئامانجەکانیان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢ـی ئازاری ٢٠٢٦، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی وتی، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا زۆرترین هێرشی درۆنی لەسەر یەک بۆ سەر هەولێر ئەنجامدراوە کە بە نزیکەی ٥٠ درۆنە.
وتیشی، سەرجەم ئەو هێرشە درۆنییانەی کراون نەگەشتوونەتە ئامانجەکەیان، هەندێکیان
لە شوێنی مەدەنیدا کەوتوونەتە خوارەوە، بە تایبەت دوێنێ لە شەقامی ئیسکان کە یەکێکە
لە شەقامە قەرەباڵغەکان، درۆنێک کەوتووەتە خوارەوە لە چێشتخانەیەک و تەنها زیانی ماددی
هەبووە و زیانی گیانی نەبووە.
لەبارەی ئاماری هێرشەکان بۆ سەر هەرێم کە کراون، لە سەرەتای ئەم جەنگەوە
وتی، نزیک ٦٠٠ هێرش بووە بەم شێوەیە:
- ٤٦٣ هێرش بۆ سەر پارێزگای هەولێر بووە.
- ١٠٥ هێرش سەر سنووری پارێزگای سلێمانی بووە.
- ٣٠ هێرش بۆ سەر سنووری پارێزگای دهۆک بووە.
- ٢ هێرش بۆ سەر سنووری پارێزگای هەڵەبجە بووە.
روونیکردەوە، لە هێرشەکانیشدا ١٤ پێشمەرگە
شەهید بوون و ٩٣ کەسیش برینداربوون، هێرشەکان تا ئێستا بەردەوامن و ئەم هێرشانەی
کە کراون بە نزیکەی ٪ ٨٠ تا ٪٩٠ درۆن بوون و ئەوانیکە مووشەک بوون بۆ سەر بارەگا
حزبییەکانی دەرەوەی پارێزگای هەولێر.
ئاماژەی بەوەشکرد، باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆشداری بڵاوکردووەتەوە کە
هاوڵاتیانی خۆیان لە عێراق و هەرێم ئەو شوێنانە چۆڵ بکەن کە بەوە دەناسرێنەوە، هاوڵاتیانی ئەمریکای تێدا نیشتەجێن و هەوڵ بدەن بچنە دەرەوەی عێراق.
باسی لەوەشکرد، پارێزگاری هەولێر لەبارەی دەنگۆی ئیشکردنی سیستەمی بەرگری
لە چەند کاتێکی دیاریکراودا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە
و سیستەمی بەرگری ٢٤ کاتژمێر کار دەکات بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی درۆنی.