PM:04:16:28/03/2026
904 جار خوێندراوەتەوە
چاوگێک لە تەندروستی خانەقین بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەکی بەختیاریی، منداڵێکی تەمەن ١١ ساڵ بەهۆی لافاوەوە خنکاوە و لە ئێستادا تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی خانەقینە.
ئەمڕۆ شەممە ٢٨ـی ئازاری ٢٠٢٦، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، منداڵەکە ناوی ئەحمەد زاهرە و تەمەنی ١١ ساڵە، بە نەتەوە عەرەبە، بە وتەی تەندروستی شارەکەش، بەهۆی کەوتنە ناو گۆمە ئاوێکی باراناوەوە خنکاوە.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی خانەقینە و بڕیارە کەمێکی دیکە رەوانەی پزیشکی داد بکرێت.
ئەوەش لە
کاتێکدا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو گەنجێکی تەمەن ٢٦ ساڵان بەناوی محەمەد عوسمان کە
خێزاندارە و باوکی منداڵێکە، لە ناحیەی لەیلان بە ماتۆڕەکەیەوە لافاو بردی و دوای دوو
رۆژ تەرمەکەی دۆزرایەوە.
محەمەد عەدنان - ئیدارەی گەرمیان