PM:09:17:18/03/2026
828 جار خوێندراوەتەوە
دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، بارەگاکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار و فەوجێکی لیوای ٤٥ لە قائیم کراونەتە ئامانجی بۆردوومانێکی چڕ، بەهۆیەوە زیانی گیانیی لێ کەوتووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ـی ئازاری ٢٠٢٦، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمیی دەستەی حەشدی شەعبی، هێرشە ئاسمانییەکان، کاتژمێر ٤:١٠ خولەکی پاشنیوەڕۆ، بارەگای قاسم موسڵح، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرتی ئەنباریان لە قائیم لە رۆژئاوای پارێزگاکە بە تووندی و بە چەندین مووشەکی جۆراوجۆر کردووەتە ئامانج.
ئاماژە بەوەشکراوە، بۆردوومانەکان بارەگای فەوجی دووەمی سەر بە لیوای ٤٥ـیان
لە هەمان ناوچە گرتووەتەوە، کە پێشتر وەک خاڵێکی ئەمنیی گرنگ بۆ رووبەڕووبوونەوەی
تیرۆر و پاراستنی سەقامگیریی سنوورەکان و خاکەکە بەکارهێنراوە.
ئاشکراشیان کرد، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا سێ چەکداری حەشدی شەعبی گیانیان
لەدەستداوە و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون، ئێستاش لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکی
هەڵسەنگاندنی وردی قەبارەی تەواوی زیانە ماددییەکانن لەو ناوچانەدا.
کاتژمێر پێنجی سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ، لە شاری کەرکوک بۆردومانی چەندین بارەگای
حەشدی شەعبی کراون و زیانەکان هێشتا نەزانراون.