PM:04:19:16/03/2026
940 جار خوێندراوەتەوە
لە یادی هەڵەبجە و ئەنفال و تاوانەکانی رژێمی پێشوودا، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک رێگە بە گەڕانەوەی دیکتاتۆریەت نادەن.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٦ـی ئازاری ٢٠٢٦، لە پەیامێکدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بە لاپەڕە خوێناوییەکانی مێژووی عێراق کرد و دەڵێت، “ئەمڕۆ یادی ئەو تاوانانە دەکەینەوە کە رژێمی سەدامی تاوانبار دژی گەلی عێراق ئەنجامیدا، کە خۆی دەبینێتەوە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان، راپەڕینی شەعبانییە، کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە، شاڵاوەکانی ئەنفال و تیرۆرکردنی زانایان".
سەرۆک وەزیرانی
عێراق باسی لەوەشکردووە، دوای رووخانی دیکتاتۆریەتیش عێراقییەکان بەردەوام بوون لە
قوربانیدان بەدەست پاشماوەکانی رژێم و رێکخراوی داعشەوە، بەڵام ئەو تێکۆشانە وایکردووە
ئێستا وڵات ئازاد بێت و گەل لە سایەی سیستمێکی دیموکراسیدا بژی کە مافە دەستوورییەکانی
تێدا فەراهەم کراوە.
هاوکات سودانی
بەڵێنی بە عێراقییەکان داوە کە حکومەت بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە، گەشەپێدان،
پاراستنی ئازادییەکان و سەروەریی وڵات، جەختیشی کردووەتەوە، "رێگە بە گەڕانەوەی
دیکتاتۆریەت نادەین هەر ناو و ناونیشانێکی هەبێت".