سەردێڕ:

هەڵبژاردنی رابەری نوێی ئێران و هۆشدارییەکانی ئەمریکا

PM:08:04:08/03/2026

2092 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی میهری ئێرانی دەڵێت، ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران رابەری نوێی هەڵبژارد و بەمزووانە رایدەگەیەنن، سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، هەموو جێگرەوەیەکی خامنەیی دەکەنە ئامانج. سەرۆک کۆماری ئێرانیش دەڵێت، بە هەموو هێزێکەوە رووبەڕووی ئەوانە دەبنەوە کە دەستدرێژی دەکەنە سەر وڵاتەکەیان و لە وەڵامدانەوە سڵ ناکەنەوە. ئەمریکا و ئیسرائیلیش قسەی خۆیان کرد لەسەر هەڵبژاردنی رابەری نوێ.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ـی ئازاری ٢٠٢٦، مەسعود پزیشكیان، سەرۆکی کۆماری ئێران دەڵێت، دوژمن تێڕوانینی هەڵەی هەیە سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەو و دوژمن دەیەوێت شەڕ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بکەن و هەوڵدەدات ئاڵۆزی لە نێوانیاندا لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا بچێنێت.

وتیشی، هیچ چارێك نییە جگە لە وەڵامدانەوە چونکە هێرشیان کردووەتە سەریان و تا زیاتر فشاربکەن وەڵامدانەوەیان بەهێزتر دەبێت.

لای خۆشیەوە، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئێرانیش وتی، پرۆسەی هەڵبژاردنی رێبەری باڵای نوێ پەیوەندی بە ئەنجومەنی شارەزایانەوە هەیە و بەپێی رێو شوێنی خۆی هەڵبژاردنەکە ئەنجام دەدرێت.

دەشڵێت، هەندێک لایەن پەیوەندییان کردووە بۆ ئەنجامدانی ئەرکی نێوەندگیری و بەشێک لەو پەیوەندییانە ئاراستی سەرووی خۆیان کراون.

لەبەرامبەردا سوپای ئیسرائیل هۆشداریدا، هەموو جێگرەوەیەکی خامنەیی دەکەنە ئامانج و هەرکەسێکیش بە نیازبێت لە کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی جێگرەوەی خامنەیی بەشداربێت دەیکەنە ئامانج. ئەندامێکی ئەنجومەنی شارەزایانی ئێرانیش دەڵێت، رەزامەندیی زۆرینەیان بۆ دانانی جێگرەوەی خامنەیی بەدەستهێناوە.

ترەمپیش لە نوێترین قسەیدا دەڵێت، لە ئێستادا نایانەوێت دانووستان لەگەڵ ئێران بکەن و جەنگەکەش تەنها بە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ئێستای ئێران کۆتاییدێت.













گەلەری