سەردێڕ:

هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت: عێراق نابێتە بەشێک لە ململانێکانی ناوچەکە

PM:05:36:07/03/2026

1164 جار خوێندراوەتەوە

هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەڵێت، عێراق نابێتە بەشێک لە ململانێکانی ناوچەکە، زیاتر لەوەش بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەن لە عێراقەوە هێرش بکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ.


ئەمڕۆ شەممە ٧ـی ئازاری ٢٠٢٦، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەکاتێکدا تەواوی هێرشەکان سەرکۆنە دەکات کە سەروەریی عێراقیان بە ئامانج گرتووە، پشتیوانی خۆیشی بۆ دامەرزاوەکانی دەوڵەت و هێزە ئەمنییەکان دووپات دەکاتەوە لە هەر ڕێکارێک کە بۆ پاراستنی سنوور و سەروەریی وڵات دەیگرێتەبەر.

دەشڵێت، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت داوای دەستبەجێ راگرتنی شەڕ و گەڕانەوە بۆ سەرمێزی دانوستان دەکات ئەویش بەجۆرێکی جددی و راستگۆییانە لە هەموو لایەنەکانەوە، تا کێشەکان دوور لە هەڕەشە و جەنگ چارەسەر بکرێن، چونکە بەردەوامی شەڕ جگە لە ماڵوێرانی بۆ گەلانی ناوچەکە و تێکچوونی ئارامی و ئاوەدانی، هیچ ئەنجامێکی دیکەی نابێت.

هاوکات داوا لە هەموو وڵاتە کاریگەرەکانی ناوچەکە و جیهان دەکات بەرپرسیاریەتی سەرشانیان هەڵبگرن و کار بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و کۆتاییهێنان بە شەڕ بکەن.

هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کە بریتییە لە لایەنە بەشدارەکانی حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە کۆبووەوە و پێشهاتەکانی شەڕ و کاریگەرییەکانی لەسەر گەل، ئاسایش و ئابووری عێراق تاوتوێ کرد و داوایکرد وڵاتەکە نەبێتە بەشێک لە ململانێکان، رەتیشیکردەوە عێراق بکرێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکان و هێرشکردنەسەر وڵاتانی دراوسێ.













گەلەری