سەردێڕ:

پەرەسەندنی جەنگ و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری جیهان و ناوچەکە

PM:03:14:07/03/2026

1232 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران، بازاڕە جیهانییەکانی وزە و کانزا گرانبەهاکان تووشی شۆکێکی گەورە بوون؛ بە جۆرێک نرخی نەوت و گاز بەهۆی ترسی دابینکردن بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە، لە بەرامبەریشدا زێڕ و زیو وەک پەناگەیەکی ئارام یکۆردی نوێیان لە بەرزبوونەوەی نرخەکاندا تۆمار کرد.


گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە و جیهان، شەپۆلێکی گەورەی گرانبوونیان لە بازاڕەکاندا دروست کردووە و بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز، ئەم ناسەقامگیرییە وایکردووە وەبەرهێنەران بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان روو کڕینی زێڕ و زیو بکەن، ئەوەش وایکردووە نرخەکانیان بەرزبێتەوە، جیا لەوان بیتکۆینیش بەراورد بە پێش دروستبوونی ئاڵۆزییەکان نرخەکەی نزیکەی سێ هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە.
ستراتیژیی تۆڵەسەندنەوەی ئێران روونە، ژێرخانی ئابووریی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو و هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەکە کراوەتە ئامانج بۆ دروستکردنی فشار.
بە وتەی شارەزایان، جەنگ بووەتە بزوێنەری سەرەکیی ئەم هەڵکشانە، چونکە متمانەی دارایی لە دراوە فەرمییەکانەوە بەرەو کەرەستە خاوەکان و جیهانی دیجیتاڵ رۆشتووە.
گۆڕانکاریی نرخەکان بەر لە دەستپێکی شەڕەکە بەراورد بە ئێستا لە بازاڕە جیهانییەکاندا
نەوتی خاوی برێنت:
پێش گرژییەکان: ٧٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و لە کاتی ئێستاشدا ١١٠ دۆلار و بەرەو زیاتر.
گازی سروشتی:
پێش گرژییەکان: ٢.٥ دۆلار.
لە کاتی قەیراندا: ٥.٥ دۆلار.
گازی شل (LPG):
پێش گرژییەکان: ٥٢٠ دۆلار بۆ هەر تەنێک.
لە کاتی قەیراندا: ٨٠٠ دۆلار.
لە هەرێمی کوردستانیش لە سەرەتایی دەستپێکی شەڕەکەوە نرخی گازی شل (غازی ماڵان) لە نۆ هەزار دینارەوە بەرزبووەتەوە و لە ئێستادا نرخەکەی لە ١٥ بۆ ٢٠ هەزار دیناردایە.

زێڕ:
 پێش گرژییەکان ئۆنسەیەک لەو کانزا زەردە بە پێنج هەزار و ٢٠٠ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرا و لە ئێستادا لە کاتی ئێستادا، بە دوو هەزار و ١٧٠ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
زیو:
پێش گرژییەکان نرخی زیو بە ٩٠ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرا و لە ئێستادا ٨٥ دۆلار.
لەبەر ئەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ناو جەرگەی ناوچەی ململانێکەدان و ئابوورییەکەیان بە تەواوی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، هەر شەڕێکی نێوان (ئەمریکا و ئیسرائیل) و (ئێران) کاریگەریی راستەوخۆی لەسەریان دەبێت.
بیتکۆین:

لە رۆژی ٢٧ـی مانگی رابردوودا و بەر لە دەستپێکی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران نرخی بیتکۆین نزیکەی ٦٤ هەزار دۆلار بوو لەگەڵ دروستبوونی ئاڵۆزییەکانیش نرخەکەی بەرزبووەوە و لە ئێستادا گەیشتووەتە نزیکەی ٦٨ هەزار دۆلار.

 
نرخی نەوت و کاریگەریی لەسەر داهات
- زیادبوونی داهات: بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی جیهانی بۆ سەروو ١٠٠ دۆلار، داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق زیاد دەکات. ئەمە دەبێتە هۆی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە.
- مەترسیی گواستنەوە: ئەگەر شەڕەکە گەرووی هورمز بگرێتەوە، عێراق ناتوانێت نەوتەکەی لە بەندەرەکانی بەسرەوە هەناردە بكات (کە ٩٠٪ی هەناردەی عێراقە). ئەمە کارەساتێکی دارایی دروست دەکات چونکە داهات دەوەستێت سەرەڕای بەرزیی نرخەکە.

نرخی سووتەمەنی (بەنزین و گازوایل) لە ناوخۆ
- بەرزبوونەوەی نرخ: عێراق و هەرێم سەرەڕای ئەوەی نەوتیان هەیە، بەڵام بڕێکی زۆر بەنزین و پێداویستی سووتەمەنی لە دەرەوە (بەتایبەت لە ئێران و وڵاتانی تر) هاوردە دەکەن. شەڕ دەبێتە هۆی پچڕانی ڕێگاکانی بازرگانی و بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە، کە نرخ لە بەنزینخانەکاندا بەرز دەکاتەوە.
- کەمیی خستنەڕوو: بەهۆی نادڵنیایی، خەڵک ڕوو لە کۆگاکردنی سووتەمەنی دەکەن، ئەمەش قەیران و سەرەی بەنزین دروست دەکات.

نرخی گازی سروشتی و کارەبا
- وابەستەیی بە گازی ئێران: عێراق بۆ وێستگەکانی کارەبا پشت بە گازی هاوردەکراوی ئێران دەبەستێت. لە کاتی شەڕدا، ئێران یان هەناردەی گاز دەوەستێنێت یان بۆرییەکان دەبنە ئامانجی سەربازی.
ئەوەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی و بەرزبوونەوەی نرخی ئەمپێری مۆلیدە ئەهلییەکان چونکە نرخی "گازوایل"یش گران دەبێت.
نەوت و گاز
بەر لە دەستپێکی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نرخەکان زیاتر بەپێی پێویستی پیشەسازی و بڕیارەکانی "ئۆپێک پڵەس" جێگیر بوون.
لە ئێستادا و بەهۆی ترسی هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران و کێڵگەکانی کەنداو، "پڕێمیەمی مەترسی" (Risk Premium) چووەتە سەر نرخەکان. هەر موشەکێک کە ئاڕاستەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەکرێت، نرخەکە چەند دۆلارێک بەرز دەکاتەوە.
زێڕ و زیو
 لە پێش دروستبوونی شەڕەکە وەبەرهێنەران زیاتر سەیری ڕێژەی سوودی بانکی ئەمریکایان دەکرد.
لر ئێستادا و لە دووەم هەفتەی شەڕەکە زێڕ ریکۆردی مێژوویی نوێی تۆمار کردووە. هۆکارەکەش تەنها ئابووری نییە، بەڵکو بانکە ناوەندییەکانی جیهان (بەتایبەت چین و وڵاتانی ناوچەکە) دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی زێڕ وەک یەدەگ بۆ کاتی نادیار و شەڕ.

کاریگەری لەسەر دراوی ناوخۆیی (دینار و تمەن):
تمەنی ئێرانی: لەگەڵ نزیکبوونەوەی شەڕ، بەهای تمەن بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی چونکە متمانە بە ئابووریی وڵاتەکە نامێنێت.
دیناری عێراقی: بەر لە دەستپێکردنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان ١٠٠ دۆلار بە ١٥٢ هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرا و لەگەڵ پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکانیش بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزی و لە ئێستادا نرخی ١٠٠ دۆلار گەیشتووەتە ١٥٦ هەزار دینار.















گەلەری