سەردێڕ:

٣٥ ساڵ بەسەر راپەڕین و ئازادکردنی سلێمانی تێپەڕدەبێت

PM:12:56:07/03/2026

984 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ساڵڕۆژی راپەڕینی خەڵکی سلێمانییە، لەو رۆژەدا سلێمانی هاوشێوەی شار و ناوچەکانی دیکە لەدژی دەسەڵاتی رژێمی پێشووی عێراق راپەڕینی کرد.


لە لای دانیشتوانی سلێمانی، ئەمنە سورەکە سیمبولی راپەڕینی شارەکەیە، چونکە هیچ شوێنێکی ئەو شارە، هێندەی ئەمنە سورەکە جێگای ئەشکەنجەدانی کەسانی دژی رژێمی بەعس نەبووە.

دوای دوو رۆژ لە راپەرینی رانیە، لەبەرەبەیانی رۆژی ٧ـی ئازاردا، راپەڕین گەیشتە سلێمانی ‌و دانیشتوانی شارو شانە چەكدارەكان و ژمارەیەك لە هێزی پێشمەرگە سەر لە بەیانی ئەو رۆژە هێرشیان كردە سەر دامودەزگاكانی بەعس.

لەكاتژمێر ١٠ـی سەرلەبەیانییدا، شانە چەكدارەكان و هێزی پێشمەرگەو خەڵكی سلێمانی، شاڵاویان بردە سەر حامیەی جەیش و سەرا و "دائیرەی تەجنیدی سەرچنار، ئازادیان كردن، دواتریش لە ماوەیەكی كەمدا، هێرش كرايه سەر، ئەمنی سەرچنار و مونەزەمەی سەرچنار و فيرقەی قادسیە لە سەرچنار و لەیەك كاتدا کۆنتڕۆڵکران ‌و چەند تەقەیەكی كەم تیایاندا روویدا، پاش کۆنتڕۆڵکردنى مەركەزی پۆلیسی سەرچناریش، لە ماوەی كاتژمێرێكدا، پێشمەرگە و شانە چەكدارەكان ‌و لاوانی سەرچنار و تەواوی جەماوەری راپەڕیوی سلێمانی بەرەو ئازادكردنی ئەمنی سلێمانی – (ئەمنە سورەكە)، بەڕێكەوتن.

بەهۆی گردبوونەوەی هەمو كاربەدەستان ‌و ئەفسەران و پلە باڵاكانی بەعس لە ئەمنەسورەكەی سلێمانی، شەڕێكی قورسی دوو رۆژە لەوێ روویدا و سەرلە ئێوارەی رۆژی دواتر، ٨ـی ئازار (ئەمنە سورەكە)ش كۆنتڕۆڵ كرا.

ئەمنە سورەكە، شوێنێكە كە یادەوەریی تاڵی لای ئەوكەسانە بەجێهێشتووە كە لەكاتی بەعسدا لە سلێمانی ژیاون، لەو شوێنەدا بەدرێژایی چەندین ساڵ رژێمە سەركوتكەرەكەی بەعس بە دڕندانەترین شێوە ئەشكەنجەی خەڵكی دەدا.

بارودۆخی شار بۆ رۆژی دواتر ‌و لە رۆژی ٩ـی ئازاردا، بەجۆرێك بووە هیچ تەقەیەكی تێدا نەماو و هاوڵاتیيان بە جۆش ‌و خرۆشێكی بەتینەوە خۆشحاڵیی خۆیان بە رزگاركردنی شار دەربڕی و هێزەكانی پێشمەرگەش ئەركی پاراستنی دامودەزگا حكومییەكان ‌و شوێنە گشتییەكانیان لە ئەستۆگرت.

ئازادكردنی شاری سلێمانی بە خوێنی زیاتر لە ١٠٠ شەهید، لە لایەن هێزی پێشمەرگەو هاوڵاتیان بە هەموو چین و توێژەكان و برینداربوونی ٤٥ كەس بوو ـ بەوشێوەیە، سلێمانی تاجی ئازادكردنی لە سەرنا و ئازادكرد سلێمانی، بووە هەوێنی راپەرینی هەولێرو دهۆك و شارۆچكەكانی دیكەی كوردستان.













گەلەری