سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت، بڕیاردراوە چیتر وڵاتانی دراوسێ ناکەنە ئامانج بەو مەرجەی لە ناوچەکانی ئەوانەوە هێرش نەکرێتەسەر ئێران. دەشڵێت، وڵاتەکەی هیچ دوژمنایەتییەکی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا نییە و پابەندە بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەما مرۆییەکان.
ئەمڕۆ شەممە، ٧ـی ئازاری ٢٠٢٦، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەر و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی وڵاتەکەی پشتڕاست کردەوە و دەڵێت، وڵات لە دۆخی جەنگدایە، هاوکات رەخنەی توندی لە وڵاتانی رۆژئاوا و بانگەشەکارانی مافی مرۆڤ گرت بەوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن و نەخۆشخانە و قوتابخانەکان دەکەنە ئامانج.
سەرۆک کۆماری ئێران وتیشی، بەهۆی کوژرانی فەرماندەکانەوە هێزە چەکدارەکانی
ئێران بە ناچاری و بە شێوەی "ئاگر بە ئیختیار" (سەرپشک لە تەقەکردن) هەنگاویان
ناوە و هێرشیان کردووەتە سەر چەند وڵاتێکی دراوسێ.
دەشڵێت، "پێویستە لێرەوە لە وڵاتانی دراوسێ بەهۆی ئەو هێرشانەی کراوەتە
سەریان داوای لێبووردن بکەم، ئێمە نیازی دەستدرێژیمان نییە و ئەوان بە برای خۆمان
دەزانین."
ئەو روونیشی کردەوە، لە کۆبوونەوەی دوێنێ ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی
بڕیار دراوە هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ رابگیرێت و کێشەکان بە دیپلۆماسی چارەسەر
بکرێن، مەگەر ئەو وڵاتانە خۆیان دەستپێشخەریی هێرش بن بۆ سەر ئێران.
جەختیشی کردەوە، حکومەت و هێزەکان بە هەموو توانایانەوە لەسەر خەتن و وڵات
بۆ جەنگ ئامادە دەکەن، داواشی لە هاوڵاتییان کرد بەبێ گوێدانە جیاوازییەکان یەکگرتوو
بن و بەرگری لە خاک بکەن.