سەردێڕ:

جەنگ چووە هەفتەی دووەم؛ شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئسرائیل بەردەوامە

PM:12:18:07/03/2026

788 جار خوێندراوەتەوە

شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل چووە هەفتەی دووەمی خۆی و نادڵنیایی نوێ لە دەوری چۆنیەتی کۆتاییهاتنی ململانێکان یان کەی کۆتایی دێت زیاتربوون، میدیاکانی ئێران باسیان لە دووبارە بۆردومانكردنی تاران کردووە، هاوکات سوپای ئیسرائیلیش هێرشە مووشەکییە نوێیەکانی ئێرانی راگەیاند.


سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، شەپۆلێکی هێرش بەکەڵک وەرگرتن لە "زیاتر لە ٨٠ فڕۆکەی جەنگی" بۆ سەر تاران و ناوەڕاستی ئێران دەستپێکردووە، شوێنەکانی هەڵدانی موشەکیان لە رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئێران کردوه‌تە ئامانج و فڕۆکە جەنگییەکانیش لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا ٢٣٠ موشه‌كیان خستووەتە خوارەوە.

له‌ بەیاننامەكه‌ی سوپای ئیسرائیلدا پشتڕاستکراوەتەوە کە دوو شوێنی هەڵگرتنی موشەک بە ئامانج گیراوە و هێرشی بۆ سەر زانکۆی سەربازی ناوەندی لە باکوری رۆژهەڵاتی تاران راگەیاندووە.

هەروەها هێرشەکان ناوەندێکی فەرماندەیی ژێرزەمین و شوێنەکانی هەڵگرتن و هەڵدانی مووشەکیان کردووه‌تە ئامانج، "بە ئامانجی کەمکردنەوەی زیاتری قەبارەی هەڵدانی مووشەک بەرەو خاکی دەوڵەتی ئیسرائیل".

پێشتریش میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، هێرشێکی ئاسمانی بارەگای هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران لە تاران کردە ئامانج و هێرشێکی دیکە دەوروبەری گۆڕەپانی ئازادی لە ناوەڕاستی تاران کردە ئامانج و هێرشێکیش فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی میهرئابادی تارانیشی کردە ئامانج.

سوپای ئیسرائیل دوپاتیکردەوە، "شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشه‌كانی" دەستپێکردووە و ژێرخانی تارانی پایتەختی ئێرانی کردووه‌تە ئامانج، میدیای دەوڵەتی ئێران گرتە ڤیدیۆییەکانی ئاگرکەوتنەوەی بەرفراوان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی میهرئابادی تارانیان بڵاوکردەوە.













گەلەری