سەردێڕ:

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق: سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین کە عێراق دەکەنە ئامانج

PM:12:31:01/03/2026

492 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق دەڵێت، بە توندی سه‌ركۆنه‌ی ئەو هێرشانە دەکەن کە شارەکانی عێراق دەکەنە ئامانج، ئەو هێرشانەش شەرمەزار دەکات کە کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردوه‌تە ئامانج و بە کردەوەیەکی قبوڵنەکراوی دەزانێت کە گرژییەکانی ناوچەکە گەورەتر دەکات


ئەمڕۆ یەکشەممە ١ـی ئازاری ٢٠٢٦، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، بە توندی سه‌ركۆنه‌ی ئەو هێرشانە دەکات کە شارەکانی عێراق دەکەنە ئامانج، هەروەها پێشێلکارییەکانی ئاسمانی عێراق، پێشێلکردنی یاسا و نۆرمە نێودەوڵەتییەکان و پێشێلکردنی ئاسایش و سەروەری وڵاتانه‌.

وتیشی، ئەو هێرشانە شەرمەزار دەکات کە کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردووه‌تە ئامانج و کردەوەیەکی قبوڵنەکراوە کە گرژییەکانی ناوچەکە گەورەتر دەکات و بەرەو بارودۆخێکی مەترسیداری دەبات، کە خزمەت ناگەیەنێت بە ئاسایش و سەقامگیریی گەلانی ناوچه‌كه‌.

ئاماژەی بەوەشکرد، داوا دەکەن بە زووترین کات ئەو هێرشانە بوەستێنرێن و بگەڕێنەوە بۆگفتوگۆ کردن، کە تاکە چارەسەرە بۆ گەیشتن بەو بڕیارانەی کە ئاسایش و سەقامگیری گەلان دەپارێزێت و ناوچەکە دوردەخاتەوە لە گرژی زیاتر و کاردانەوەی مەترسیدار.

باسی لەوەشکرد، هەڵوێستی پتەوی عێراق دوپاتدەکەنەوە لە بەرامبەر هەر پێشێلکارییەکی سەروەری دەوڵەت یان بەکارهێنانی هێز لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هەروەها رێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتانی تر پرەنسیپێکی بنەڕەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە کە ناتوانرێت لە هیچ بارودۆخێکدا پشتگوێ بخرێت.
دەشڵێت، بەردەوامی ئەو هێرشانە کاردانەوەی مرۆیی و ئەمنی جددی دەبێت، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ڕێکخراوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکەن کە هەنگاوی بەپەلە بنێن بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتر، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی.













گەلەری