مەکینەی میدیایی و ستراتیژیی
لادانی سەرنجی گشتی
PM:02:30:27/02/2026
892 جار خوێندراوەتەوە
خۆشی فەرەیدون عومەر
+
-
ئەو شەپۆلە
میدیاییەی کە ئێستا لەلایەن دەزگا میدیاییەکانی سەر بە لوتکەی دەسەڵاتەوە
بەڕێوەدەچێت، تەنها گواستنەوەی هەواڵ نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراوە
بۆ ساردکردنەوەی شەقام و لادانی سەرنجی خەڵک لە کێشە جەوهەرییەکان.
لە کاتێکدا دەبوو ئەم میدیایانە
پرسیار لە چارەنووسی ١٢٠ ملیار دیناری داهات، و موچەی مانگەکانی ١١ و ١٢ و هۆکاری
گرانیی بێپێشینەی نرخی کارەبا و ئەو باجە قورسە بکەن کە پشتی کاسبکاری شکاندووە،
کەچی دەبینین هەموو وزەی خۆیان خستووەتە سەر بابەتی مریشکی زیندوو و مریشکی بەستوو.
ئەم مەکینە
ئیعلامیانە لەبری ئەوەی چاودێر بن بەسەر حکومەتەوە، خۆیان کردووەتە
"دادوەر" و بڕیاردەر بەسەر چارەنووسی خەڵکەوە.
بابەتی مریشک و جۆرەکەی، ئەرکێکی تەکنیکی و
کارگێڕی وەزارەتی کشتوکاڵە، نەک ئەجێندای سەرەکیی ئەو میدیایانەی بارگرانین لەسەر
قووتی خەڵک.
ئامانجی ئەم یارییە ڕوونە: سەرقاڵکردنی خەڵک
بە وردەکارییەکانی بژێوی ڕۆژانە و "ترێند"ی فەیسبووک، بۆ ئەوەی کەس
نەیەتە دەنگ لەسەر ئەو پارە و داهاتە گەورانەی کە دیارنامێنن و ئەو بارگرانییە
داراییەی کە بە ناوی جۆراوجۆرەوە خراوەتە سەر شانی هاوڵاتی.
ئەمانە
دەیانەوێت ببنە "پاڵەوانی ساختە" لە کێشە بچووکەکاندا، تاوەکو لە کێشە
گەورەکاندا کەس لێپرسینەوەیان لەگەڵدا نەکات.