سەردێڕ:

پەرلەمانی عێراق لەبارەی دۆخی ئەمنی عێراق و ناوچەکە کۆدەبێتەوە

AM:12:35:01/03/2026

560 جار خوێندراوەتەوە

کارنامەی کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بڵاو کرایەوە، کە تێیدا دۆخی ئەمنیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ دەکرێت، هەروەها دەنگ لەسەر ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەکان دەدرێت.


ئەمڕۆ شەممە ٢٨ـی شوباتی ٢٠٢٦، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، خشتەی کارنامەی کۆبوونەوەی ژمارە (١١)ـی رۆژی یەکشەممە، ١ـی ئاداری ٢٠٢٦ـی بڵاو کردەوە. بە گوێرەی کارنامەکە، کۆبوونەوەکە کاتژمێر نۆی شەو دەست پێدەکات و سێ تەوەرەی سەرەکی لەخۆ دەگرێت.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، پەرلەمانتاران گفتوگۆ لەسەر "ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی عێراق و ناوچەکە" دەکەن، ئەوەش لەبەر رۆشنایی ئەو گرژی و پێشهاتانەی کە رووی لە ناوچەکە کردووە.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە تەرخان کراوە بۆ پرۆسەی دەنگدان لەسەر دیاریکردنی ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان، کە هەنگاوێکی گرنگە بۆ تەواوکردنی پەیکەری یاسایی و چاودێریی پەرلەمان.

هاوکات لە بڕگەی سێیەمدا، دەرگا بۆ گفتوگۆی گشتی واڵا دەکرێت بۆ خستنەڕووی بابەتە جیاوازەکان.













گەلەری